Mazın Asad,Abdullah Shukur
06 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 09 ئادار 2017
ھێزەکانی سووریای دیموکرات کە لە ھێزەکانی پەیەدە/پەکەکە پێکدێن، لە ناوچەیەکی نێوان داعش و سوپای سووریای ئازاد لە شارۆچکەی منبج ئاڵای رژێمی بەشار ئەسەدیان ھەڵواسی.
بەپێی ھەواڵێکی کەناڵی Russia Todayی کە لە ماڵپەری خۆی بە عەرەبی بڵاو کراوەتەوە، گرتەڤیدیۆی کەسێکی بەناوی حەمزە زازا بڵاوکردەوە کە ئەو کەسە خۆی وەک فەرماندەی یەکەکانی سنوور لە سوپای بەشار ئەسەد دەناسێنێت.
لە گرتەڤیدیۆکەدا حەمزە زازا لە گوتەیەکیدا ئاماژە دەکات کە ھێڵی نێوان ئەلباب و منبجیان کۆنترۆڵ کردووە و ئاڵای رژێمی ئەسەد ھەڵدواسن.
بەپێی ئەو زانیارییانەی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لە سەرچاوەکانی ناوخۆی منبج دەستی کەوتووە، حەمزە زازا چەکدارێکی گرووپی شەمسول شیمالە کە سەر بە ھێزەکانی سووریای دیموکراتە.
لە لایەکی دیکەوە کەناڵی Russia Todayیش حەمزە زازای وەک ئەندامی ئەنجوومەنی ھێزەکانی سووریای دیموکرات لە مبنج ناساند.
-پەیەدە/پەکەکە ھاتنی رژێمی بۆ مبنج راگەیاندبوو
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پەیەدە، پەکەکە بە رێگەی "ئەنجوومەنی سەربازیی منبج" لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد کە ھێزەکانی ئەسەد لە شارۆچکەکە و دەوروبەری بوونیان ھەیە.
-رووسیا رێککەوتنێکی ئاشکرا کرد
سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای رووسیا ھەینی رابردوو ئاشکرای کرد کە منبج رادەستی ھێزەکانی رژێم دەکرێت.
ئەمریکا لەوبارەیەوە بێ ئاگایی لە رێککەوتنەکە راگەیاند و رژێمیش بێدەنگی خۆی لەوبارەیەوە دەپارێزێت.
سەرچاوەکانی ناوخۆیی منبج ئاماژە بەوە دەکەن کە پەیەدە/پەکەکە سێ گوندیان لە سنووری منبج رادەستی ھێزەکانی رژێم کردووە و ھێشتا بە تەواوی لە ھێڵی سوپای سووریای ئازاد و پەیەدە/پەکەکە نیشتەجێ نەبووە.
سەرچاوەکانی سەربازیی ئەمریکا لە منبج ئاشکرایان کرد کە ھێزەکانی تایبەتی ئەمریکا بۆ ناوچەی عەین دەباتی باکووری منبج نێردراون.
لە دۆخی ئێستادا، باشوور و باشووری رۆژئاوای منبج لە لایەن ھێزەکانی رژێم و ئەمریکا گەمارۆ دراوە.
چاوەڕێی ئەوە دەکرێت کە ھێزەکانی رژێم لە رۆژئاوای منبج بەربەستێک لە پێش سوپای سووریای ئازاد دروست بکەن. ھاوکات رووباری فوڕاتیش کەوتووەتە سنووری رۆژھەڵاتی ئەو شارۆچکەیە. لە پاڵ ئەمەش پەیەدە/پەکەکە کۆبانێ، گرێ سپی و حەسەکەیان کۆنترۆڵکردووە.
گواستنەوەی چەک لە منبجەوە بۆ شنگاڵ
دوێنێ فەرماندەیی گشتی ھێزی پێشمەرگە رایگەیاندبوو کە پەکەکە چەکی قورسی بۆ شارۆچکەی شنگاڵ گواستووەتەوە.
سەرچاوەکانی نێو منبج ئاماژەیان بەوە دا کە پەیەدە/پەکەکە سوود لە پارێزگاری ئەمریکا و رژێم لە ناوچەکەدا وەردەگرن و چەکە قورسەکان و چەکدارەکانیان بەرەو شنگاڵ گواستووەتەوە.
دەشزانرێ کە ئەو رێکخراوە ئەمنییەتی ناوچەکە بە زۆرەملێ بە رێگەی ھاووڵاتیانی شارۆچکەکە دەستەبەر دەکات.
-گرنگی منبج
منبج کەوتووەتە بەری رۆژئاوای رووباری فوڕات و ٣٠ کیلۆمەتر لە تورکیا دوورە.
منبج لە ساڵی ٢٠١٢ کەوتە دەستی ئۆپۆزسیۆنی سووریا و لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠١٤ کەوتە دەست رێکخراوی تیرۆریستی داعش.
دوای ئەمەش مانگی ئابی رابڕدوو بە پاڵپشتی ھێرشی ئاسمانی چڕی ئەمریکا و پەیەدە توانرا ئەم شارۆچکەیە لەدەستی داعش دەربھێنێت.
ئەمریکا لە دوای کۆنترۆڵکردنی منبج، گەرەنتی ئەوەی بە تورکیا دابوو کە پەیەدە/پەکەکە شارۆچکەکە بەجێدەھێڵن، بەڵام ئەم بەڵێنەی بەجێنەھێنا.
منبج کە رووبەڕەکەی ٢٦ کیلۆمەتر چوار گۆشەیە، بووەتە بڕبڕەی پشتی پڕۆژەکەی پەیەدە بۆ دروستکردنی رێوڕەوێک بە درێژای سنووری تورکیا و سووریا.
بەڵام کۆنترۆڵکردنی شارۆچکەی ئەلباب لە ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوڕات گورزێکی توندی لە پەیەدە وەشاند.
زۆربەی دانیشتوانی منبج لە عەرەبەکان پێکدێن و چەند ھەزار کورد و تورکمانیشی لێیە.
ئەمریکا و پەکەکە/پەیەدە بەھۆی کاردانەوەکانی تورکیا، ئێستا وا نیشان دەدەن کە دەسەڵاتی بەڕێوەبردن لەدەستی خەڵکی ئەو شارۆچکەیە. چەند لایەنێکیش بەرگری لەوە دەکەن کە لە شارۆچکەکە پەکەکە بوونی نییە و تەنھا ھێزەکانی سوریای دیموکرات لەو شوێنەیە. ھاوکات بەرگری لەوەش دەکەن کە ئەنجوومەنی سەربازیی منبج لە ھێزەکانی سووریای دیموکرات و شەڕکەرانی عەرەبی ناوچەکە پێکھاتووە و لە ژێر دەسەڵاتی پەکەکەدا نییە.