Zana Natık Kerem
07 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 08 ئادار 2017
نەینەوا ــ AA
ئەفسەر لە هێزەكانی دژە تیرۆری عێراق، عەمید راكان نوعمان هباب رایگەیاند كە هێزەكانی عێراق، دوای پاککردنەوەی لە بۆمبە چێنراوەكان كونسوڵخانەی توركیا لە باشووری بەشی راستی مووسڵ كۆنتڕۆڵ كردەوە.
لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو راكان نوعمان هباب گوتی: "بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، تیمی ئەندازیاری پاککردنەوەی مین و بۆمبە چێنراوەکان سەربە هێزەكانی دژە تیرۆر هەڵمەتی هەڵگرتنەوە و پوچەڵكردنەوەی بۆمب و بەرمیلە بۆمبڕێژكراوەكانیان لە كونسوڵخانەی توركیا لە گەڕەكی تەیەڕان باشووری راستی مووسڵ تەواو كرد كە پێشتر داعش لەوێ چاندبووی".
ئەفسەرەكە گوتیشی: "هەرچەندە ماوەی هەفتەیەك بەسەر كۆنتڕۆڵكردنەوەی گەڕەكی تەیەڕان تێپەڕیووە بەڵام لەبەر بوونی بۆمبە چێنراو و بەرمیلە بۆمبڕێژكراوەكان، هێزەكانی عێراق نەیانتوانیوە بچنە ناو كونسوڵخانەی توركیا و تیمی ئەندازیاری سەرقاڵی هەڵگرتنەوە و پوچەڵكردنەوەی ئەو بۆمب و بەرمیلە بۆمبڕێژكراوەکان بوون کە داعش چاندبوونی و ئەمڕۆ بەتەواوی كونسوڵخانەی توركیا کۆنتڕۆڵکرایەوە".
ناوبراو ئەوەشی گوت: "كە بەڕێژەی ٣٠ لەسەدا ژێرخانی باڵەخانەی كونسوڵخانەی توركیا وێران بووە و تەنانەت داعش زۆربەی كەلوپەلە گرنگ و بەهاكانی ناو كونسوڵخانەكەی بۆ شوێنێكی نادیار بردووە".
راكان نوعمان هباب ئاماژەی بەوەش دا كە فەرماندە باڵا سەربازییەكان لە کۆنتڕۆڵکردنەوەی كونسوڵخانەی توركیا ئاگاداركراونەتەوە بۆ ئەوەی زانیاری بدەن بە بەرپرسەكانی حكوومەتی عێراق و ئەوانیش لای خۆیانەوە لایەنە پەیوەندارەكانی حكوومەتی توركیا ئاگادار بكەنەوە تا رێوشوێنی پێویست بگرنە بەر.
لەکاتی هێرشی داعش بۆسەر شاری مووسڵ لە هاوینی ٢٠١٤، رێكخراوی تیرۆریستی داعش كونسوڵخانەی توركیای لە مووسڵ كۆنتڕۆڵكرد. لە كۆتایی ٢٠١٥ فڕۆكەكانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بۆ چەند جارێک کونسوڵخانەكەی بۆردومان كرد كە داعش وەک بارەگا بەکاردەهێنا و بەهۆیەوە ٣٠ لەسەدی ژێرخانی باڵەخانەی كونسوڵخانەی توركیا وێران بوو.