Rewa Mahmut Hasan
28 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 29 کانوونی دووەم 2016
بەغداد
نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەگکرتووەکان بۆ کاروباری عێراق یان کوبیس رایگەیاند کە نامەیەک رەوانەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات کە داوای زیادکردنی پاڵپشتی بۆ عێراق لە شەڕی دژی داعش و هەوڵی چارەسەریی قەیرانی دارایی تێدا هێنابێتەئاراوە.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسی هاوبەش کە یان کوبیس لەگەڵ سەرۆکی لیژنەی بەرگری وئەمنی پەرلەمانی عێراق حاکم زامیلی ئەنجامی دا، ئاماژە بەوە درا، بەهۆی ئەو شەڕەی عێراق لەبری وڵاتانی جیهان دژی داعش دەیکات و ئەو هەلومەرجە خراپەی بەهۆی قەیرانی داراییەوە بۆی دروست بووە، نابێت عێراق بەتەنیا جێ بهڵرێت.
کوبیس راشیگەیاند کە دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتگیری لە هەوڵەکانی عێراق بکەن و گوتی: "من نامەیەک دەگەیەنمە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان تایبەت بە پشتگیریکردنی زیاتری عێراق هەم لە بابەت رووبەڕووبوونەوەی داعش و هەمیش تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی".
سەرۆکی لیژنەی بەرگری وئەمنی پەرلەمانی عێراق حاکم زامیلی لەو کۆنگرە رۆژنامەنووسییەدا ئاشکرای کرد کە عێراق پێویستی بەپاڵپشتی زیاتر لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە هەیە و گوتی: "نەتەوە یەکگرتووەکان یارمەتی عێراق دەکات بەڵام دەبێ زیاتر بکرێت. ئەگەر داعش بەناو خاکی عێراقدا بڵاو بوویەوە، مەترسییەکەی دەگاتە تەواوی وڵاتان. ئێمە ئەمڕۆ لەبری تەواوی جیهان شەڕی ئەو رێکخراوە دەکەین".