Hemn Baban
13 مای,س 2018•نوێکردنەوە: 14 مای,س 2018
ھەولێر-AA
یەکێتی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیەنێت "تەبایی ناوخۆیی یەکێتی و ھەڵمەتی ھەڵبژاردنی ئامانجدار دەنگەکانیان زیادکردین".
نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە رۆژێک دوای بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بۆ گوتەبێژەکەی سەعدی ئەحمەد پیرە رێکخست کە قسەی لەسەر چەند پرسێکی پەیوەست بە ھەڵبژاردنەکان و ئەو تۆمەتانەی کە لایەنەکان بۆ یەکتری دەکەن لەمەڕ ھەڵبژاردنەکان لە ھەرێمی کوردستان و کەرکووک.
سەعدی ئەحمەد پیرە لە سەرەتای کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا گوتی: "دوێنێ ئێمە لە میانی دەنگداندا باسی ئەوەمان کرد لە بەیانییەوە رۆژی ئەوە دێت کە لایەنە سیاسییەکان پێکەوە دابنیشین بۆ بەراوردکردنی پرۆگرامی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان و ھەوڵدان بۆ ھەڵێنجانی باشترین بڕگە و شێوەی چارەسەر بۆ ئەوەی ببێت بە بەشێک لە بەرنامەی کاری ھاوبەشی لایەنە سیاسییەکان و لەسەر بنەمای ئەو بەرنامە ھاوبەشە لایەنە سیاسییەکان روو بکەنە بەغدا و گفتوگۆ بکەین لەگەڵ عێراق بۆ ئەوەی عێراق رازی بکرێت بە پابەندبوون بە دەستوور و ئێمەش لە رێگەی دەستوور بتوانین کێشەکانمان چارەسەر بکەین، چونکە پێوەر بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی نێوانمان ھەر دەستوور بووە و ھەر دەستووریش دەمێنێتەوە"،
گوتیشی: "حیکمەتی سەرکەوتنی کورد لە یەکڕیزی لایەنە سیاسییەکاندایە پێکەوە بچنە بەغدا".
سەعدی ئەحمەد پیرە سەبارەت بە درێژکردنی پەنجەی تۆمەتی ئەنجامدانی ساختەکاری بۆ حزبەکەی لە لایەن بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانەوە گوتی: "لە دوێنییەوە بەداخەوە ھەڵایەک دروست بووە و باسی ساختەکاری دەکرێت و ھەڵمەتێکی زاڵمانە لەسەر سلێمانی ھەیە، ئەمە ھەڵمەتی لایەنە سیاسییەکان نییە، ئەمە ھەڵمەتی دەزگایەکی سێبەری پارتی دیموکراتی کوردستانە کە خۆیان لە کەرکووکیش کاندید نین و بایکۆتیشیان کردووە، تێناگەین ئەم فرمێسکە تیمساحییە بۆچی؟ لە ھەمان کاتدا ئەگەر کێشەکە کێشەی تەکنیکی ئامێرەکانە ئەوا پێمان وایە ئەو کێشەیە لە کوت و عەمارە و نەجەف و لە ھەولێر و دھۆکیش ھەیە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خۆی داوای کردووە ھەر رێوشوێنێک بکرێت بۆ سەرجەم لایەنە سیاسییەکان لە عێراق، ئەوەی پێی وایە ئەو ساختەکارییە تەنھا لە سلێمانی کراوە و لە شوێنی تر نەکراوە ئەوا ھیچ لە تەکنیک نەگەیشتووە و نازانێت ئەو ئامێرانە چین کە سیستەمێکی تەواوکراوە و ئەگەر ھاک بکرێت وەکو دەڵێن ئەوا فەیسبوکی کەسێک نییە تا ھاک بکرێت، سیستەمێکە ھەموو داتاکانی پەیوەست بە ھەڵبژاردنەکانی پێوەبەستراوە، ئەگەر وابێت تەنھا لایەنێک و شارێک و گەڕەکێک ناگرێتەوە، بۆیە پێویستە پێش قسەکردن لێی بکۆڵینەوە".
گوتیشی: "ئێمە خۆمان بێ منەتین و لە کوێ لێی بکۆڵدرێتەوە لە ھەر شوێنێک کە گومان ھەبێت ھیچ مانعمان نییە، بەڵام پەنجەی تۆمەت بۆ یەکێتیی نیشتمانیی درێژ بکرێت ئەو پەنجەیە ببڕدرێتەوە باشترە، قبووڵیشی ناکەین".
زیاتریشی گوت "لە کەرکووک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەنگێکی زۆر دەھێنێت، ئەو لایەنانەی پێیان وابوو کە یەکێتی وردە وردە خەریکە ھەڵدەوەرێت و خەریک بوو فاتیحەی لەسەر بخوێنن بەھەڵە دەرچوون و ئەو ھەڵانە تووشی نسکۆ و ساتمەی گەورەیان دەکات، لەجیاتی ئەوەی ئەوەی پیرۆزبایی لە یەکێتی بکەن ھەر لایەنێک دێت و دەیەوێت بارە کرچەکەی خۆی بە یەکێتی راست بکاتەوە".
گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھەروەھا لە درێژەی ئەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە ھەڵبژاردنەکان گوتی: "ئەو تۆمەتانە بەگشتی رەتدەکەینەوە، لەگەڵ ھەموو لایەنەکان ھاوکار دەبین لەو سیستەمە بکۆڵدرێتەوە، ھەروەھا پێمان وایە لە مووسڵ و دھۆک و ھەولێر ئەو ژمارەیەی ھاتووەتەوە ژمارەیەک نیین ئێمە رازی بکات، ھەمان گلەییشمان ھەیە، بەڵام نەھاتووین پڕوپاگەندە بکەین و بارودۆخی ھەرێم بۆگەن بکەین و رق و کینەی خۆمان لەسەر زانیاریی ناڕاست بڕێژین".
گوتەبێژەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان راشیگەیاند "یەکێتی نەگەیشتووەتە لێواری قەبر و فاتیحەی لەسەر بخوێندرێت و ئەو پێشبینییانەی لایەنەکان بۆ یەکێتییان دەکرد ھەڵە بوو".
سەعدی ئەحمەد پیرە گوتیشی: "ئێمە لە ھەولێر، مووسڵ، دھۆک سکاڵامان ھەیە، پێمان وایە لەو شوێنانە دەنگی راستەقینەی خۆمان نییە، رەخنەی ئێمە و سکاڵای ئێمەش لەسەر ئامێرەکە نییە، لەسەر شتی ترە، بۆیە ئەگەر سیستەمەکە ھاک کرابێت ئەوا دەبێت ھەمووی ھاک کرابێت، رۆژی پێشی پڕۆسەکە زۆرینەی لایەنەکان دەیانگوت ئەو ئامێرانە زۆر وردە و فێڵی لێ ناکرێت و دوای گوتییان ئەو ئامێرە ھاک کراوە، شتی وا نابێت، ئەمە سیستەمێکە ھەمووی پێکەوە بەستراوە و ناکرێت لە شوێنێک ھاک بکرێت و لە شوێنێکی تر ھاک نەکرێت".
سەعدی ئەحمەد پیرە ھەروەھا ئەوەشی گوت "١٦ی ئۆکتۆبەر خەڵکی کەرکووک جوابی دایەوە، بەڵێ ئەوانەی بۆ ١٦ی ئۆکتۆبەر شین و وایەیلایان دەکرد پێیان وابوو وەکو مووسڵ و رققە و عەفرین وێران دەبێت".
سەبارەت بە تۆمەتبارکردنی وڵاتێکی ھەرێمیش بە "ھاک"کردنی سیستەمی ئامێرەکانی دەنگدان گوتی: "ئەو سیستەمە ئەگەر ھاک بکرێت بۆ ھەموو عێراق ھاک دەکرێت، ناکرێت نیوەی یان چارەکێکی ھاک بکرێت، بۆ سەیر ناکەین نەوەی نوێ دروست بووە ئەو دەنگانەی ھێناوە".
گوتیشی: "ئێمە پشتمان بە پلەی سەرەکی بەکادیرەکانی خوارەوە بووە، بە کادیرەکانمان، بە ماڵە شەھیدەکانمان کە سەرکردایەتییان ناچارکردووە بۆ ئەوەی بانگەشەیەکی باش بکات و قەد بەقەد ئێستا یەکێتی لەناوخۆییدا تەبا نەبووە و ھەڵمەتی ھەڵبژاردنمان ئامانج دار نەبووە، ئەمە وایکرد کە سەرکەوین".
سەبارەت بە تۆمەتبارکردنی یەکێک لە سەرکردە سەربازییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ھێرشکردنە سەر گردی زەرگەتە کە بارەگای سەرەکیی بزووتنەوەی گۆڕانە لە سلێمانی سەعدی پیرە "بۆچی بەرپرسانی دژە تیرۆر بیانەوێت کێشە لە سلێمانی دروست بێت، چی قازانجی ئێمەیە لە سلێمانی کێشە دروست بێت، بۆ یەکێتی چی سوودی ھەیە؟ ئەمە ناچێتە مێشکەوە، تەقەی خۆشی لە ھەموو لایەک کراوە، ھەیە ئەو تەقەیەی پێ ناخۆش بووە تەقەی کردووەتەوە، ئەوەی بڕیار دەدات لێکۆڵینەوەکەیە، بۆیە لە دوێنێوە پڕوپاگەندەی ساختەکاری کراوە و ئەوانە، بۆیە لێگەڕێن کۆمیسیۆن بڕیار بدات، دەمانەوێت لەو مەسەلەیەی تەقەکردن لە سلێمانی بکۆڵدرێتەوە و ناکرێت کەسێک دەستە چەورەکەی بە ئێمە بسڕێتەوە".