سلێمانی
چاودێری سیاسی و پەرلەمانتاری خولی پێشوی پەرلەمانی عێراق لە یەكێتیی نیشتمانی كوردستان بورهان محەمەد فەرەج لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە دۆخی ناوخۆی عێراق و بەرپرسیارێتی ئەمریكا لە باڵادەست بوونی ئێران لەو وڵاتە و دۆخی ئێستای یەمەن و مەترسییەكانی دۆخەكە دەكات.
ئەو گوتی: "ئێران و توركیا و وڵاتانی عەرەبی و جیهان بەرژەوەندی خۆیان هەیە، ئێران لە ناوچەكەدا بە بەرنامە و ئەجێندای خۆی كار دەكات و بە ئاشكرا پشتیوانی شیعەكانی ناوچەكە لە عێراق و سووریا و لوبنان و بەحرێن و یەمەن دەكات، ئەوان مەترسی ئەوەیان هەیە هاتنی داعش بۆ گورز وەشاندن و لەناوبردنی شیعەكانە و وای دەبینن لەو پڕۆسەیەدا وڵاتانی عەرەبی و توركیاش بەشدار بن. بۆ ئەو مەبەستەش ئێران بۆ خۆی هاتووەتە گۆڕەپانەكە و شەڕی داعش لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەكات و هەماهەنگە لەگەڵ حكوومەتی عێراق و هێزەكانی پێشمەرگە".
بورهان محەمەد لە بارەی باڵادەستی ئێران لە عێراق و بەرپرسیارێتی ئەمریكاوە دواو و گوتی: "لەو بابەتەدا ئەمریكا بۆ خۆی بەرپرسیارە، پێویست بوو لە ساڵانی رابردودا ئەمریكا لە عێراق پاشەكشەی نەكردایە و پێشبینی ئەوەی بكردایە ئێران بە درێژی 1700 كیلۆمەتری هاوسنوورە لەگەڵ عێراق، هەروەها عێراق حكوومەتێكی شیعەی هەیە و ئەوان باڵادەستن تێدا و مێژوو و باوەڕیشیان یەكە".
بە بڕوای ئەو چاودێرە سیاسییە ئەمریكا تا سەر بەو شێوەیە بێدەنگ نابێ لە باڵادەستی ئێران لە عێراق و گوتی: "ئەمریكا بەرنامەی درێژخایەنی خۆی و بەرژەوەندی قوڵی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی هەیە و بە ئاسانی دەستبەرداریان نابێ، لە هەمانكاتدا سەرقاڵی گفتوگۆ و رێكەوتنە لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەكانی ئێران، بەو شێوەیە ئەمریكا مامەڵە لەگەڵ واقیع دەكا و بەرژەوەندییەكانی خۆی دەپارێزێ".
بورهان محەمەد نەرمی نواندنی ئێستای ئەمریكا بەرامبەر ئێران بۆ سیاسەتی دەرەوەی باراك ئۆباما و دیموكراتەكان گەڕاندەوە و گوتی: "سیاسەتی دەرەوەی دیموكرات و كۆمارییەكانی ئەمریكا جیاوازی هەیە و لە دوای هەڵبژاردنەكان و هاتنەوە سەر دەسەڵاتی كۆمارییەكان سیاسەتی ئەو وڵاتە گۆڕانكاری بەسەر دێت".
بورهان محەمەد لە بارەی هاوپەیمانێتی وڵاتانی عەرەبی و شەڕی حوسییەكانەوە گوتی: "ئەو هاوپەیمانێتییەی وڵاتانی عەرەبی بۆ لێدانی بەرژەوەندییەكانی ئێران و حوسییەكانە، ئەوان هەست بەمەترسی حوسییەكان بۆ سەر دەریای سور و سعوودیە دەكەن و بەهەموو شێوەیەك دژایەتییان دەكەن".
ئاماژەی بەوەش كرد: "یەمەن سەرەتای شەڕێكە لە نێوان سوننە و شیعەدا و رۆژ لە دوای رۆژ گەرمتر دەبێ، ئەوەش مەترسی بەرپابوونی شەڕێكی گەورەی جیهانی و تەقینەوەی ململانێی وڵاتانی زلهێز لەم ناوچەیەدا هەیە".