Muhammet Ali Kemal
01 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 02 ئادار 2017
رۆما- AA
لە یەکەم یاریی چوونی نیوەی کۆتایی جامی ئیتاڵیادا، یوڤێنتوس توانی بەئەنجامی 3-1 لە ناپۆلی بەرێتەوە.
یارییەکە لە یاریگای یوڤێنتوس بەڕێوەچوو، هەرچەندە یانەی خاوەن ماڵ لە سەرەتاوە بەشێوەیەکی کاریگەر یارییان دەکرد بەڵام یانەی ناپۆلی توانی گۆڵی یەکەم تۆماربکات و لە خولەکی 36دا لە رێگەی گۆڵیکی خۆسێ کالیخۆنەوە بەگۆڵیک بەرامبەر بەهیچ، پێشکەوتن و گێمی یەکەمیان بەو ئەنجامە لە بەرژەوەندیی خۆیان کۆتایی پێ هێنا.
لە دەستپێکی گێمی دووەمەوە یانەی یوڤێنتوس دووبارە بە بەهێزیی دەستیپێکردەوە و توانی لێدانێکی سزا لەیانەی بەرامبەر بگرێت. لە خولەکی 47دا لە رێگەی بەکارهێنانی لێدانە سزاکە لەلایەن پاوڵۆ دیبالاوە، یانەی خاوەن ماڵ توانی ئەنجامەکە لەبەرژەوەندیی خۆی یەکسان بکاتەوە.
دواتر یاریزانی ئەرجەنتینی یانەی یوڤێنتوس، گۆنزالۆ هیگواین لە خولەکی 64دا گۆڵیکی بۆ یانەکەی تۆمارکرد و ئەنجامەکەی کردە 2-1. دوای چوار خولەکیش لەو گۆڵە خوان کوادرادۆ، توانی سوود لە بەرەنگاربوونەوەی گۆڵچی یانەی ناپۆلی ببینێت و لێدانێکی سزا بەدەست بهێنێت. جارێکی دیکە دیبالا لێدانە سزاکەی بەکارهێنا و لە خولەکی 69دا بەتۆمارکردنی گۆڵی سێیەم بردنەوەی یانەکەی مسۆگەر کرد.
لەو بەشەی یارییەکەدا کە مابوویەوە هیچ گۆڵێکی دیکە تۆمارنەکرا و یانەی یوڤێنتوس توانی بەئەنجامی 3-1 لەیانەی ناپۆلی میوان بەرێتەوە. بەو شێوەیەش یاریی گەڕانەوەی تاڕادەیەک لە بەرژەوەندیی خۆی مسۆگەرکردووە.