Hemn Baban
13 شوبات 2019•نوێکردنەوە: 14 شوبات 2019
ھەولێر - AA
جەودەت ئەربیلی لە زۆر بۆنە و ئاھەنگەکاندا بە جلوبەرگی رەسەنی تورکمانەکانەوە دەردەکەوێت و ھەمیشە ساز و ئامادەیە بۆ دڵخۆشکردنی گوێ بیستەکانی.
گەرووی پڕ لە گۆرانیی بە زمانەکانی تورکمانی و کوردی دڵنەوایی بۆ زۆر کەس دەھێنێت، ئەو ھەموو جارێک بە جلوبەربەرگی رەسەنی تورکمانییەوە دەست دەداتە مایک و تۆنەکانی دەنگی لەگەڵ چوونە نێو یادگارییەکانەوە ھەستی پیاوێکی حەلیمتر دەردەخەن، بەتایبەت کە گۆرانی بۆ دایک و عیشق دەڵێت.
جەودەت ئەربیلی کە وەکو خۆشی دەڵێت خەڵکانێکیش بە جەودەت قەڵاڵی ناوی دەبەن لە یەکێک لە خانووە کۆنەکانی گەڕەکی سەرای لەنێو قەڵای ھەولێر و لە ساڵی ١٩٥٧ چاوەکانی ھەڵھێناوە، ھەر لەسەرەتای منداڵییەوە سەروسەودای لەگەڵ قەوان و دەستخستنی گۆرانیی گۆرانیبێژە تورکمان و کوردەکاندا گەرم دەکات و گۆرانی دەبێتە خولیایەکی رۆژانەی و چەندین جار بەدیار گۆرانییەکانەوە دەست بەلاساییکردنەوەی گۆرانیبێژەکان دەکات، ئەو ئێستاشی لەگەڵدا بێت سەرقاڵی گۆرانی گوتنە و وەکو خۆی دەڵێت نزیکەی ٤٥ ساڵ دەبێت گۆرانی دەڵێتەوە.
جەودەت ئەربیلی لە ژوورە فۆلکلۆرییەکەی ماڵی تورکمانی لە ھەولێر لەبارەی ژیانی خۆیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەیگوت ھەر لە تەمەنی شەش ساڵییەوە ھەوڵی داوە دەنگی بۆ ئاسوودەیی خۆی و دەورووبەرەکەی بەکاربھێنێت و لەو کاتەوە لەگەڵ گۆرانییدا ئاوێتە بووە، دەشڵێت "لە ساڵی ١٩٥٧ لە گەڕەکی سەرای لەناو قەڵای ھەولێر لەدایکبووم و لە منداڵییەوە ئارەزووی کۆکردنەوەی قەوانم ھەبووە و گوێ بیستی گۆرانییەکان دەبووم، ئیتر بەزمانی تورکمانی، بەزمانی کوردی، ھەوڵم دەدا لاساییی زۆر لە ھونەرمەندانیش بکەمەوە، گوێ بیستی گۆرانییەکانی ھونەرمەندان مشکۆ، محەمەد ئەحمەد ئەربیلی، تاھیر تۆفیق، رەسول گەردی، ماملێ دەبووم، لەنێو ئەوانەدا چەند گۆرانییەکی کوردیی خۆشی ئەو ھونەرمەندانەم ھەڵبژارد و لە کوردییەوە دەمکردن بە تورکمانی یەکێک لەوانە گۆرانیی شلێرە وەی شلێرە گیانی ھونەرمەند تاھیر تۆفیق".
سەرەتای تێکەڵبوونی جەودەت ئەربیلی کە پیاوێکی تەواو سادەی نەرم و نیان دەردەکەوێت دەگەڕێتەوە بۆ کاری نواندن و شانۆ، ئەو دەڵێت "کە گەورەبووم لەگەڵ محەمەد ئەحمەد ئەربیلی ئەوم لەنزیکەوە ناسی و مشکۆ و شەوکەوت و یەشار مشکۆ گرووپێکمان پێکھێنا و کاری شانۆ و نواندنمان دەکرد، ئیتر لەوێشەوە تێکەڵی گۆرانی گوتنیش بووم، ھەروەھا دەستمان بەوە کرد لە فیلم بەشداریی بکەین و فیلمی دەستی زاڵم-مان لە سلێمانی بەرھەمھێنا و ئیدی خەڵک رێزی زۆریان لێدەگرتین وەکو ھونەرمەند".
جەودەت ئەربیلی کە لە پاڵ ھونەرەکەیەوە بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانی جار و بار کاری وایەرمەنی ئۆتۆمبیل دەکات و شەوانیش بۆ ئاھەنگی دۆست و ھاوڕێیەکانی دەچێت و سۆز دەداتە گوێی خەڵکێکی زۆر، بۆ ئەو گۆرانی گوتنی تورکمانی و کوردی جیاوازیی نییە، دەشڵێت "زۆرینەی گۆرانییەکانم بەیاتن، چوار گا، سێ گا، دیوان، قۆرییات-یشم ھەن".
قەڵاڵی کە بەواتەی قەڵایی یان ئەو کەسەی نیشتەجێی نێو قەڵای ھەولێربوون دێت لە درێژەی قسەکانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی گۆرانیی یەکەمییەوە لە میانی چاوپێکەوتنەکەماندا چەندین گۆرانی و قۆریاتی بە تورکمانی، کوردیش گوت، پیاوێکە گۆرانیی لێ دەچۆڕێت و ھەمیشە ساز و ئامادەیە بۆ ئەوەی دەنگ ھەڵبڕێت و بکەوێتە لەراندنەوەی گەرووی، ئەو دەڵێت "یەکەم گۆرانیم لە ئۆجاغی تورکمانی بەناوی" ئاغڵەمە یار ئەغڵەمە" بەواتای مەگرێی یار تۆمارکرد، ھەروەھا گۆرانی دووەمیشم "کش کێجێسی" واتە شەوی زستان، بۆ یەکەم جاریش لە ساڵی ١٩٩٨ گۆرانییم تۆمارکردووە".
سەبارەت بە ژمارەی گۆرانییەکانیش دەیگوت ژمارەیەکی زۆر گۆرانیی ھەیە و نزیک بە ٤٥ ساڵ دەبێت گۆرانیی دەڵێتەوە، دەشیگوت "ئێستا بۆ خۆم نزیکەی ٥٠ کاسێت گۆرانییم ھەیە و ئەرشیفم کردوون، زۆر گۆرانیشم گوتووە کە لە لای خۆم نیین و لای خەڵکانی دیکەن، چەندین گۆرانیشمان لەگەڵ محەمەد ئەحمەد ئەربیلی و جەبار ئەحمەد و جەلال ئەحمەد و گۆرانیبێژانی کوردیش جەلال سەعید و نیزام شوکور و نوری گەرمیانی و فەرھاد بەیەکەوە گوتووە".
جەودەت ئەربیلی کە پرسیاری عیشق و عاشق بوونمان لێکرد یەکسەر وەڵامی دایەوە کە عاشق بووە و بە ھێمنییەوە گوتی: "عیشق شتێکی زۆر گرنگە لە ژیان و ژیانی عاشق زۆر سەختە، خۆشەویستی بەدەست خۆمان نییە، ئیدی چارەنووسی خۆشەویستی و عیشقیش وایە یان دەبێت بۆ یەک ببن ئەو دوو کەسە یان دەبێت عیشقەکە بنێژریت". گوتیشی" نەگەیشتم بەخۆشەویستەکەم".
ئەو ھونەرمەندە رەسەنە تورکمانییە کە ئێستا لە گەڕەکی تەعجیل لە شاری ھەولێر دەژیی و ماڵەکەی دەکەوێتە ناوجەرگەی شاری ھەولێر و نزیک لە بازاڕی گەورەی شارەکە، خاوەنی یەک منداڵە بەناوی ئاسۆ، بەڵام ئاسۆ پێناچێت رێچکەی باوکی گرتبێتەوە، جەودەت ئەربیلی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئاسۆ زیاتر سەرقاڵی قورئان خوێندنەوەیە و دەنگیشی زۆر خۆشە، ئەو بە من دەڵێت باوکە واز لە گۆرانی گوتن بھێنە و حەزناکات گۆرانی بڵێم، بەڵام ئیتر گۆرانی لەگەڵ رۆح و گیانم تێکەڵ بووە".
ئەربیلی کە جگە لە چەندین پارێزگای عێراق لە چەند وڵاتێکی وەکو تورکیا، جۆرجیاش گۆرانیی گوتووە، دەیگوت گۆرانی ھەموو کات ھەیە، بەڵام ئیشکردن و "کاسبی" ھەموو کات نییە.
ئەربیلی کە بەدەنگێکی رەسەنی شاری ھەولێر دادەنرێت، ئێستا تەمەنی لەھەڵکشاندایە، بەڵام چەند ئومێدێکی سادەی لە ژیاندا ھەیە، ئەو چاوەڕوانی ئەوەیە کە لە کوردستاندا خزمەتی زیاتری ھونەرمەندان بکرێت بۆ ئەوەی بتوانن کاری باشتر پێشکەش بکەن و دەیگوت دەبێت ھونەر رێزی زیاتری لێ بگیرێت.