Sangar Hamad Azeez
09 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 20 ئادار 2017
سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان (فیفا) گیانی ئینفانتینۆ، راگەیاند ئەو بڕیارەی ترەمپ لەبارەی ڤیزا داویەتی ئەگەری هەیە ببێتە رێگر لەبەردەم ژمارەیەک لە وەرزشوان لە مۆندیالی ٢٠٢٦.
ئینفانتینۆ کە بەشداری چالاکییەکی وەرزشی کرد لە شاری لەندەن، دوا بەدوای چالاکییەکە لێدوانێکی بۆ رۆژنامەنووسان داو باسی پێشهاتەکانی تۆپی پێی کرد.
ئەو سەرۆکە نیگەرانی خۆی نیشاندا بەرامبەر بە بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ و گوتی: "لە چوارچێوەی چالاکییەکانی فیفا، یاریزانان بۆیان هەیە سەردانی هەر وڵاتێک بکەن کە بیانەوێت، بە پێچەوانەوە ئەوا بە جامی جیهانی هەژمار ناکرێت و نابێت بە مۆندیال".
ئینفانتینۆ ئاماژەی بەوە کرد کە هەریەک لە کەنەدا، مەکسیک و ئەمریکا پاڵێوراوی سەرەکین بۆ وەرگرتنی میواندارییەتی مۆندیالی ٢٠٢٦ و گوتی: " ئەو بڕیارەی ترەمپ لەبارەی ڤیزا داویەتی ئەگەری هەیە ببێتە رێگر لەبەردەم ژمارەیەک لە وەرزشوان لە مۆندیالی ٢٠٢٦، بەڵام مەرجەکانی فیفا ئاشکرایە، ئەمریکا کەی مەرجەکانی جێبەجێ کرد ئەوکات دەتوانین لە لیستی پاڵێوراوانی دانێین بۆ کێبەرکێ کردن".
بڕیارە لە تشرینی دووەمی ٢٠١٨ ناونوسینی وڵاتان بۆ میوانداری کردنی مۆندیالی ٢٠٢٦ بکرێتەوە و لە مایسی ٢٠٢٠ ئەو وڵاتە دیاریی بکرێت کە میوانداری پاڵەوانییەتییەکە دەکات.