Hemin Hüseyin
03 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 06 شوبات 2017
هەولێر
وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، جاسم محەمەد دوای ئەوەی سەردانی بەری چەپی شاری مووسڵی کرد و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند کە پێشبینی دەکەن نزیکەی ٢٥٠ ھەزار کەس لە بەری رۆژئاوای مووسڵ ئاوارەی هەرێمی کوردستان ببن و بۆ ئەو مەبەستەش سەرجەم ئامادەکارییەکانییان بۆ پیشوازیکردن لەو ئاوارانە تەواوکردووە.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراقی جاسم محەمەد گوتی: "بە دڵنیاییەوە ئەو سەردانەمان بۆ شاری مووسڵ بۆ ئەوەیە کە لە نزیکەوە ئاگاداری بارودۆخی شارەکە بین و لەگەڵ هاووڵاتییان قسە بکەین بۆ ئەوەی خزمەتگوازرییەکانییان پێشکەش بکەین لەبەر ئەوەی لەماوەی دوو ساڵی رابردوو نزیکەی نیوەی دانیشتووانی شاری مووسڵ ئاوارە بوون و ئێستاش بەشێکیان گەڕاوەنەتەوە".
جاسم محەمەد گوتیشی: "لە ئێستادا ژیان لەو شارە ئاساییە و لایەنەکانی پەیوەنديدار دەستیان کردووە بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و لە هەمانکاتیشدا لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان رێککەوتوین لەکاتی پێویستدا کەمپەکانی ھەرێم بۆ نیشتەجێکردنی ئاوارەکانی بەری رۆژئاوای مووسڵیش بەکاربھێنرێت".
ئەگەرچی دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی بەری چەپی شاری مووسڵ، ژمارەیەکی زۆر ئاوارەکان گەڕانەتەوە سەر ماڵەکانییان بەڵام ژمارەیەکیش هێشتا لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان لە ژێر خێوەتەکان ماونەتەوە و وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراقیش ئاماژەی بە داتا و ئامارەکان کرد و گوتی: "رۆژانە ٢ هەزار کەس دەگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان و بە گشتی تاوەکو ئێستا ٥٠ هەزار کەس کەمپەکانییان چۆڵکردووە و گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و تاوەکو ئێستاش نزیکەی ١٢٠ هەزار کەس لە کەمپەکان ماون بەڵام ئەو رێژەیە هەمووی لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان نین و نزیکەی ٤٤ هەزار کەس لە باشووری نەینەوان و ژمارەکەی دیکەش لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستانن".
سەبارەت بە هاوکارییەکانی ئەو خێزانانەی کە دەگەڕێنەوە سەر ماڵەکانییان، جاسم محەمەد گوتی: "هەر خێزانێک کە دەگەڕێتەوە سەر ماڵەکەی خۆی، ئەوا بڕی یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دیناری وەکو هاوکاری پێدەدرێت".
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا رێکخەری مرۆیی و نیشتەجێی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق لیزا گڕاند گوتی: "کاری نەتەوەیەکگرتووەکان لەو چوارچێوەیەدا بریتییە لە ریزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و دووەمیان بریتییە لە دووبارە بونیادنانەوە و لەم نێوەندەشدا هاوکاری سەدان هەزار ئاوارەمان کردووە لە کەمپەکان، هەر بۆیەش لە هەفتەی رابردوودا رەزامەندیماندا لەسەر ٢٧ پڕۆژەی خزمەتگوزاری داوە و ئەوانیش بریتین لە پاککردنەوەی ئاو و رێگاوبان و کارەبا".
لیزا گڕاندی گوتیشی: "ئێمە ئامادەین پردە رووخاوەکانی مووسڵ چاکبکەینەوە و هەرچی پێویستە دەیکەین بۆ بونیادنانەوەی مووسڵ".
ئەمڕۆ وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق جاسم محەمەد بە هاوکاری رێکخەری مرۆیی و نیشتەجێی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق سەردانی شاری مووسڵیان کرد و چەند شوێنێکییان بەسەرکردەوە.