Hamit Hüseyin
12 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 13 تشرینی یەکەم 2016
ھەولێر- AA
بە بەشداریی ئاوارە عەرەبەکان و كوردانی شەبەك و هاووڵاتییانی شیعە مەزهەب رێوەڕەسمی یادی عاشوورا لە شاری ھەولێر بەڕێوەدەچوو، کە تێیدا چەندین سرووتی ئایینی تایبەت بە یادی عاشوورا و درووستکردنی خواردن و بەخشینەوەی بەسەر خەڵکدا ئەنجامدرا.
یادی عاشوورا لە بنەسلاوە لەنزیک مزگەوتی ئاڵتوون لە ھەولێر بەرێوەچوو. ئەوانەی بەشدارییان لە یادەکەدا کرد بە لەخۆدان و پۆشینی جلوبەرگی رەش و گوتنەوەی سرووتەکان بەشداربوون.
رۆژی ھەینی ١٠ی موحەرەمی ساڵی ٦١ی کۆچی، بەرامبەر ١٠ی تشرینی دووەمی ساڵی ٦٨٠ی زایینی، رۆژی کوژرانی ئیمام حسێنە لە شەڕی کەربەلا، کە بەرۆژی عاشوورا ناسراوە.
شیعە مەزهەبەکان لەو کاتەوە تا ئێستا، یادی عاشوورا دەکەنەوە و بەگوڕتر لە ساتی کوژرانی ئیمام حسێن، سینەیان دەکوتن و بە شیر و زنجیر لە خۆیان دەدەن.
ئیمام حسێن کوڕی ئیمام عەلییە، ماوەی ئیمامەتییەکەی ١١ ساڵی خایاندووە. دەرچوونیشی لە حیجاز و ھاتنی بەرەو عێراق بە تەنیا رووداوێک نییە، بە کوژرانی خۆی و خانەوادەکەی کۆتایی ھاتبێت، بەڵکو کاریگەرییەکی ھەتاھەتایی جێھێشتووە.