Zana Natık Kerem
08 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 09 شوبات 2022
ھەولێر ــ AA
سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی کردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرکۆمار راگەیاند.
محەمەد حەلبوسی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە "لە بەرچاوگرتنی کۆتایی ھاتنی ماوەی دەستووریی دیارییکراو بۆ هەڵبژاردنی سەرکۆمار و بەپێی ماددەی ٧٢ی دەستوور و پشت بەستن بە رێساکانی یاسای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرکۆمار ژمارە ھەشت بۆساڵی ٢٠١٢، کردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرکۆمار رادەگەیەنیین".
بەپێی راگەیەندراوەکە، خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرکۆمار سبەی چوارشەممە دەست پێ دەکات و تا سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.
ئەمەیش لە کاتێکدایە رۆژی ٣١ی مانگی رابردوو ئەمیندارێتی گشتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ناوی ٢٥ کاندیدی بۆ پۆستی سەرکۆمار کە پەسەندکراون راگەیاندبوو.
بڕیاربوو دوێنێ دووشەممە حەوتی شوباتی ٢٠٢٢، دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ھەڵبژاردنی سەرکۆماری نوێ ئەنجام بدرایە، بەڵام بەھۆی ئەوەی رێژەی یاسایی ئامادەبوون بۆ دانیشتنەکە تەواونەبووە، دانیشتنەکە ئەنجام نەدرا.
لە دوای ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنەکە لە رۆژی نۆی کانوونی دووەم بەڕێوەچوو، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبوسی دەرگای خۆکاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرکۆمار کردەوە.
بەپێی خاڵی/ب لە بڕگەی دووەم لە ماددەی ٧٢ی دەستووری ھەمیشەیی عێراق، پێویستە لە ماوەی ٣٠ رۆژ لە دوای یەکەم دانیشتنی خولی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەران، سەرکۆمار لەلایەن ئەنجوومەنەوە دەنگی پێ بدرێت.