Heman Hussein Yaseen
08 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 09 شوبات 2022
هەولێر - AA
ئەمڕۆ سێشەممە، کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە ٩٦ی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر بەڕێوەچوو کە پارێزگاری هەولێر، ئومێد خۆشناو ئامادەی کۆبوونەوەکە بوو و تیایدا کار و پڕۆژەکانی یەک ساڵی رابردووی خستەڕوو.
ئەمڕۆ ٨/٢/٢٠٢٢ کە یەک ساڵ بەسەر دەستبەکاربوونی ئومێد خۆشناو لە پۆستی پارێزگاری ھەولێر تێپەڕی و بەمبۆنەیەوە ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر کۆبوونەوەیەکی ئاسایی رێکخست و تیایدا باس لە پڕۆژەکانی یەک ساڵی رابردووی پارێزگای هەولێر کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری ھەولێر، ئومێد خۆشناو رایگەیاند کە دەرخستەی پڕۆژەکانیان ٢٨ ملیار دینار بووە، بەڵام بەھۆی گۆڕانکاری لە پێکھاتە و شوێنی پڕۆژەکاندا، گۆڕانکاری لە بوودجەی پڕۆژەکان کراوە، بەتایبەتی گواستنەوەی پڕۆژەکان بۆ ناوچە ھەژارنشینەکان.
بەگوتەی پارێزگاری هەولێر، پڕۆژەکان بە گوژمەی ٢٨ ملیار و ٨٥٢ ملیۆن دینار، ١٣٣ پڕۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێکراون، هاوکات چەند پڕۆژەیەکی ستراتیجییشیان ئەنجامداوە.
ئومێد خۆشناو گوتی: "لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا، ١٣٣ پڕۆژەی خزمەتگوزاریی بە گوژمەی ٢٨ ملیار و ٨٥٢ ملیۆن دینار جێبەجێکراون، هاوکات حەوت پڕۆژەی ستراتیجیی بە گوژمەی ١٦ ملیار و ٦٩٧ ملیۆن دینار جێبەجێکراون. لەوانەش رێگای قەرچووغ، تەواوکردنی مۆنیۆمێنتی شەھیدان، چاککردنی شەقامی چیای سەفین و قیڕتاوکردنی گەڕەکی سیمی خاتووناوە".
پارێزگاری هەولێر هەروەها ئاماژەی بە بوودجەی سەربار و فریاکەوتن کرد و گوتی: "لە بوودجەی سەربار و فریاکەوتندا، ٢١٣ پڕۆژەی بچووک بە گوژمەی ١٠ ملیار دینار جێبەجێکراون".
پارێزگاری ھەولێر روونیشی کردەوە کە لە بوودجەی سەربار و فریاکەوتن کە لە پارێزگای ھەولێر ھەیە ٢١٣ پرۆژەی بچووک لە سێکتەرە جیاوازەکان جێبەجێکراون کە نزیکەی ١٠ ملیار دیناری تێچووە".
جەختیشی لەوەکردەوە کە چەندین پڕۆژە لەلایەن خێرخوازن و رێکخراوەکانەوە جێبەجێکراون کە خۆی لە قوتابخانە، نەخۆشخانە و چەندین پڕۆژەی دیکەی خزمەتگوزاریی دەبینێتەوە.
بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بریتیی بوو لە باسکردن لە رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵیی و لەمبارەیەوە پارێزگاری هەولێر رایگەیاند "لەماوەی یەک ساڵی رابردوودا، ١٠١ بیری تازە لێدراون، ٥١٣ بیری دیکەش چاککراونەتەوە کە سەرجەمیان بڕی حەوت ملیار و ٤٥٠ ملیۆن دیناری تێچووە".
لەبارەی زیانی لافاوەکانی ئەمساڵی هەولێریش، ئومێد خۆشناو گوتی: "لە لافاوی یەکەم ٨٧٧ خانوو و ٣٥٦ ئۆتۆمبیل زیانیان بەرکەوت کە زیانەکەی بە بڕی چوار ملیار و ٤٥٢ ملیۆن دینار هاوکاری زیانلێکەوتووان کرا، هەروەها لە لافاوی دووەمجاریش کە لە ١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ دروست بوو، زیانەکانی بە بڕی ٢١ ملیار دینار خەمڵێندرا و بۆ ئەم مەبەستەش هەژمارێکی بانکیمان کردەوە تاوەکو خێرخوازان بەشداریی بکەن و تا ئیستا بڕی پێنج ملیار و ٥٧٩ ملیۆن دینار لە هەژمارەکەدا هەیە".
پارێزگاری هەولێر، ئومێد خۆشناو ئاماژەی بە پلانی ساڵی ٢٠٢٢ کرد و رایگەیاند کە بڕیارە لە ٢٠٢٢دا، ١٣١ پڕۆژە لە سنووری پارێزگای ھەولێر جێبەجێ بکرێن و بۆ ئەو مەبەستەش داوای بوودجەی پێویست کراوە کە بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژانە پێویستییان بە ٧٨ ملیار و ٢٣٢ ملیۆن دینارە.