Sarmand Hameed
28 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 28 ئاب 2020
هەولێر - AA
سەرچاوەیەکی ئەمنی رایگەیاند، بە مووشەکی جۆری کاتیوشا هێرشکرایە سەر ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا پایتەختی عێراق.
ئەفسەر لە پۆلیسی بەغدا، نەقیب ئەحمەد خەلەف لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بە مووشەکی جۆری کاتیوشا هێرشکرایە سەر ناوچەی سەوز".
ئەحمەد خەلەف راشیگەیاند، مووشەکەکە لە دەوروبەری ناوچەی سەوز کەوتەخوارەوە.
راشیگەیاند، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی و ماددی لێنەکەوتووەتەوە.
لەلای خۆیەوە وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند، مووشەکێک لە ناوچەی جادرییە لە بەغدا کەتەخوارەوە.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند، مووشەکێکی جۆری کاتیوشا لە ناوچەی جادرییە لە بەغدا کەوتەخوارەوە.
لە راگەیەنراوەکەدا کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو تیایدا ئاماژە بەوە دراوە کە کەوتنەخوارەوەی مووشەکەکە هیچ زیانێکی لێنەکەوتووەتەوە.
لە راگەیەنراوەکە هیچ وردەکارییەکی دیکە لەمبارەیەوە نەخراوەتەڕوو.
رۆژی سێی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، هەریەک لە فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسدارانی ئێران، قاسم سولەیمانی و جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی عێراق، ئەبو مەهدی موهەندیس لە بۆردومانێکی ئاسمانیی ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا کوژران.
ئەم رووداوە کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و رۆژی پێنجی کانوونی دووەم، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاریدا بە دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە عێراق.
دوای ئەو بڕیارە ناو بەناو بە مووشەک هێرش دەکرێتە سەر ناوچەی سەوز و ئەو بنکە سەربازییانەی کە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق تیایاندا جێگیرکراون.
ئەمریکا، گرووپە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێران بەتایبەت حزبوڵڵای عێراق بە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە تۆمەتبار دەکات.