Sarmand Hameed
20 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 21 ئاب 2020
هەولێر - AA
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی دوو باندی دزیکردنی راگەیاند کە لە دوو کاتی جیادا بڕێکی زۆر پارەیان دزیووە.
لە راگەیەنراوەکەى بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێردا هاتووە "لەدرێژەی کار و چالاکیيەکانی تیمەکانی بەرێوەبەرایەتییەکەمان توانیمان باندێکی دزیکردن دەستگیر بکەین کە ساڵێک پێش ئێستا لە گەرەکی ھەولێری نوێ بری ١٠٠ ھەزار دۆلاری ئەمریکیان لە ماڵی ھاوولاتیی (م. ح. ر.) دزی بوو".
لە راگەیەنراوەکەدا کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاماژە بەوە دراوە کە ھەرچەندە تاوانەکە ساڵێک پێش ئێستا ئەنجامدراوە بەڵام تیمەکانیان بەردەوامبوونە لە بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاریی و دوای گەیشتن بە ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە و بەفەرمانی دادوەری لێکۆلینەوەی ئاسایشی ھەولێر توانراوە چوار تۆمەتبار دەستگیر بکرێن بەناوەکانی (م ا ح) و (د ک م) و (ب ح ح) و (خ ح خ).
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە راگەیەنراوێکی دیکە رایگەیاندووە "لەدرێژەی کار و چالاکیەکانی تیمەکانی بەرێوەبەرایەتيیەکەمان توانیمان باندێکی دزی کردن دەستگیر بکەین کە چوار ساڵ پێش ئێستا لە گەرەکی ٥ی حەسارۆک دزی لە ماڵی ھاوولاتی (م. ش. ش.) کراوە و بری بیست و دوو ملیون دیناری عیراقی و ٣٧٥ مسقاڵ زێر و چوار ھەزار دۆلاری ئەمریکی و سێ چەک لە جۆری دەمانچە دزراوە".
لە راگەیەنراوەکەدا کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاماژە بەوە دراوە کە ھەرچەندە تاوانەکە ماوەیەکی زۆرە ئەنجام دراوە بەڵام تیمەکانیان بەردەوامبوونە لە بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاریی و دوای گەیشتن بە ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە و بەفەرمانی دادوەری لێکۆلینەوەی ئاسایشی ھەولێر توانراوە ھەر چوار تۆمەتبار دەستگیر بکرێن بەناوەکانی (ع.ش.ن.) و (ز.م.ڕ.) و (ر.س.ع.) و (گ.ە.ل.)".
تیشکخراوەتە سەر ئەوەی کە تۆمەتباران لەبەردەم دادوەری لێکۆلینەوە دانیان بەتاوانەکەیان داناوە و بەپێی ماددەی (٤٤٣) لە یاسایی سزادان راگیراون.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر دڵنیایی داوەتە ھاووڵاتییانی شاری ھەولێر کە ھەردەم چاوکراوەدەبن بۆ پاراستنی سەر و ماڵیان و بەردەوام دەبن لە ھاوکاری ھێزەکانی پۆلیس و دامودەزگا یاساییەکان بۆ ئەوی تاوانباران بگەیەننە بەردەم دادگا بۆ وەرگرتنی سزای یاسایی خۆیان.