Heman Hussein Yaseen
17 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 26 کانوونی یەکەم 2019
هەولێر - AA
بڕیارە رۆژی ٢٨ی ئەم مانگە، هەشتەم کۆنگرەی یەکگرتووی ئیسلامی بەبەسترێت و بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەی ئامادەکاری دەستیان بەکارەکانییان کردووە و گوتەبێژی ئەو حزبەش رایدەگەیەنێت کە هەوڵ دەدەن لەم کۆنگرەیەدا کاری لە پێشینەیان بابەتی چاکسازی کۆمەڵایەتی بێت.
سەرۆکی ئەنجوومەنی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، خەلیل ئیبراهیم لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لیژنەی ئامادەکاری بۆ کۆنگرە دەستیان بەکارەکانییان کردووە، لەمانگی شەشەوە خەریکن و رۆژی ئەنجامدانی کۆنگرەکەش دیاریکراوە کە ٢٨ و ٢٩ی ئەم مانگە کۆنگرەی دەبەستین".
خەلیل ئیبراهیم ئاماژەی بەوەکرد کە پڕۆسەی بەستنی کۆنگرەکە بە چەند قۆناغێکدا دەڕوات و گوتی: "پڕۆسەکە بە چەند قۆناغێکدا دەڕوات کە بریتیین لە دروستکردنی دیدگا، داڕشتنی پەیڕەو، کۆنفڕانسەکانی پێش کۆنگرە و دواتریش کۆنگرە لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام دەدرێت وەک کۆنگرەکانی پێشووتر، ئەمجارەش دەمانەوێت یەکگرتوو بخەینە قۆناغێکی کاراتر".
لەبارەی ژمارەی ئەندامان و دروشمەکانی کۆنگرەی هەشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، خەلیل ئیبراهیم گوتی: "لەم کۆنگرەیەدا زیاتر لە ٩٠٠ ئەندام بەشدار دەبن، بە ستراتیجییەتی یەکگرتوو، پەروەردە، چاکسازی کۆمەڵگا و سیاسەت دروشمەکانی ئەمجارەی کۆنگرە دەبێت، بەڵام کاری لەپێشینەی ئێمە چاکسازی کۆمەڵگایە و لەمبارەیەوەش هەموو هەوڵەکانمان دەخەینەگەڕ".
لەبارەی دەنگۆی گۆڕینی ناوی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، خەلیل ئیبراهیم گوتی: "هیچ شتێک لەلایە ئێمە مەحاڵ نییە، بۆچوون هەیە کە ناوەکەی بگۆڕدرێت، بەڵام زۆرینە لەگەڵ ئەوەیە کە ناوەی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان وەکو خۆی بمینێتەوە".
بڕیارە رۆژی ٢٨ و ٢٩ی ئەم مانگە، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان هەشتەم کۆنگرەی خۆی ببەستێت کە تیایدا زیاتر لە ٩٠٠ ئەندام بەشداری کۆنگرەکە دەکەن.
لە حەفتەم کۆنگرەی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستاندا کە رۆژانی ٢٨ و ٢٩ی ئایاری ٢٠١٦ بەڕێوەچوو، چوار پاڵێوراو هەبوو بۆ پلەی ئەمینداری گشتی یەکگرتوو ئەوانیش سەڵاحەددین بەھائەددین، محەمەد فەرەج، ئەبوبەکر کاروانی و محەمەد رەئووف، بەڵام بەر لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکە، محەمەد فەرەج لە ھەڵبژاردنەکان کشایە و پشتگیری خۆی بۆ سەڵاحەددین بەھائەددین راگەیاند و لە گەڕی دووەمی کۆنگرەکەدا سەڵاحەددین بەهائەددین زۆرینەی دەنگی ئەندامانی کۆنگرە بووە ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان.