Heman Hussein Yaseen
11 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 11 نیسان 2020
ههولێر - AA
پارێزگاری ھەولێر، فرسەت سۆفی رایگهیاند: ''ئەو پشکنینانەی کە تا ئێستا ئەنجامدراون لە سنووری پارێزگای ھەولێر بریتین لە ١١ ھەزار و ٤٠٠ پشکنین، ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ھەموو ھەرێمی کوردستان ١٦ ھەزار و ٣٥٠ پشکنین ئەنجامدراوە''.
ھەریەک لە پارێزگاری ھەولێر فرسەت سۆفی و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی ھەولێر، دلۆڤان محەمەد لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییادا، تیشکیان خستەسەر رێنماییەکانی قەدەغەی ھاتووچۆ و دواین زانیارییەکانی پهیوهست ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ.
له سهرهتای كۆنگره رۆژنامهوانییهكهدا فرسەت سۆفی ئاماژهی بهوهكرد لە سنووری پارێزگای ھەولێر لەسەرەتای ئامادەکارییهكان بۆ خۆپارێزیی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، ھەنگاوەکانی حکوومەتیان گرتووەبەر و توانیویانە ھەندێک ھەنگاوی گرنگ بنێین و رایگهیاند: ''بهپێی ئەو ئامارانەی کە ھەیە، ئەو پشکنینانەی کە تا ئێستا ئەنجامدراون لە سنووری پارێزگای ھەولێر بریتین لە ١١ ھەزار و ٤٠٠ پشکنین، کە دەکاتە سەدا ٧٠ی کۆی پشکنینەکانی ھەرێمی کوردستان، کە لە ھەموو ھەرێمی کوردستان ١٦ ھەزار و ٣٥٠ پشکنین ئەنجامدراوە. لە سهرجهم پارێزگاکانی دیکەی عێراق تەنیا ١٥ ھەزار پشکنین ئەنجامدراوە، کەواتا پشکنینەکانی ھەولێر دەکاتە سەدا ٧٦ی پارێزگاکانی دیکەی عێراق''.
فرسەت سۆفی گوتیشی: ''رەنگە پرسیاربکەن کە بۆچی ئەو رێژه بهرزه له پشكنین لە ھەولێر ئەنجامدراوە، چونکە ژمارەیەکی زۆر ئەوانەی لە ئێران یان لە ئەورووپا گەڕاونەتەوە لە پارێزگای ھەولێر کەرەنتین کراون، لە سەدا ٥٠ی کۆی ئەوانەی کەرەنتین کراون لە ھەرێمی کوردستان کە ژمارەیان شەش ھەزار و ٥٠٠ کەسە، سێ ھەزار و ٣١٧ کەسیان لە پارێزگای ھەولێرن، لەلایەکی دیکەوە لەسەر داواکاریی وەزارەتی تەندروستی، ئەوانەی لە مانگی شوبات و دواتر لە ئێران گەڕابوونەوە پشکنینیان بۆ کرا، ئەوانەی خۆیان بە تیمەکانی تەندروستی نەناساند، ئەوا ئێمە داوامان لە دەروازە و فڕۆکەخانەكان کرد کە لیستی ناوەکانمان بۆ بنێرن، خاڵێکی دیکە ئەوەیە لە ھەر شوێنێک تووشبوویەکی کۆرۆنا ھەبووە، بازنەی یەکەم و دووەم و دراوسێکانییان، ھەموویان پشکنینیان بۆ کراوە''.
پارێزگاری ههولێر ئاماژهی بهوهشكرد گەیشتوونەتە قۆناغێکی باش و لە کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکە نزیکبوونەتەوە، راشیگهیاند: ''ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای ھەولێر دوو ملیۆن کەسە، بەم پێیەش لە کۆی ھەر ھەزار کەسێك، پشکنین بۆ چوار کەس ئەنجامدراوە، لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانم بڵێم گەیشتووینەتە قۆناغی کۆنتڕۆڵکردن، چونکە لە کۆی ئەنجامی ٨٠٠ پشکنین، ھیچ ئەنجامێکی پۆزەتیڤ نەبووە و ئەمەش جێگای خۆشحاڵییە، پشکنینی ھەڕەمەکیش کراوە بۆ ئەوانەی لە مارکێت و نانەواخانە و دەروازەکان کاردەکەن، بۆیە لەسەر ئەو بنەمایە بەردەوام دەبین و دڵنیادەبین کە شارەکەمان سەلامەتە''.
فرسهت سۆفی جهختی لهوهكردهوه كه پێویستە ئەم شەش رۆژەی داھاتوو دان بەخۆماندا بگرین چونكه چارەنووسسازە و دەتوانین دڵنیایی بدەینە ھاووڵاتییان کە دۆخەکە بەرەو باشی دەچێت، ئەگەر ھاووڵاتییان ھاوکارمان بن دەتوانین بڕیاری دیکە بدەین سەبارەت بە ئاسانکارییەکانی ھاتووچۆ و کارکردن و گوتیشی: ''دوای بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ، کە دەسەڵاتی رێکخستنی دا بە پارێزگاکان، ئێمەش گەیشتینە ئەو بڕوایە کە چەند رێنماییەکمان لە رێگای بڕۆشۆرەوە بڵاوکردووەتەوە بە ئاراستەی خزمەتکردنی ھاووڵاتییان بۆ ئەوەی سەلامەتی و خزمەتکردنی ئەوان لەبەرچاو بگرین و ستایشی ھەرە گەورە هی خەڵکی پارێزگای ھەولێره کە ھاوکاربوون و لە ھەمانکاتدا دۆخی ژیانییان تێکچووە''.
لەبارەی سەرپێچییەکان لە میانی راگەیاندنی قەدەغەی ھاتووچۆدا، پارێزگاری ھەولێر فەرسەت سۆفی گوتی: ''ئەو رووداوەی بالیسان کە بووە ھۆی رێگاداخستن لە نێوان قەزای شەقڵاوە و ناحیەی بالیسان، کۆتایی ھاتووە، بەڵام لیژنەیەک پێکھاتووە بۆ ئەوەی لایەنی کەمتەرخەم سزا بدرێت، ھەروەھا ئەمڕۆش چەند حاڵەتێکی سەرپێچی ھەبووە لە پرسەیەک و لە نەخۆشخانەی رزگاری. داواکاری گشتی ھاتە سەر ھێڵ و کاری پێویستی ئهنجامدا، لەگەڵ ئەوەشدا دووپاتی دەکەینەوە، ھەر کەسێک بڵاویبکاتەوە کە ئەم نەخۆشییە ھیچ نییە و بوونی نییە، ئەوا لە رێگای داواکاری گشتی دەدرێتە دادگا و سزای یاسایی دهدرێت''.
پارێزگاری ھەولێر خشتەکانی ھاتووچۆی ھاووڵاتییانی بڵاوکردەوە و گوتی: ''رێنماییەکان بۆ ھاتووچۆکردن، دوو خشتەیە جگە لە شەشی ئێوارە تا ١٢ی شەو کە ھاتوچۆکردن قەدەغەیە، ئەوانی دیکە بەم شێوەیەیه کە، لە کاتژمێر شەشی بەیانی دەست پێدەکات تا شەشی ئێوارە، کە بریتیین لە ھاتووچۆکردنی ئۆتۆمبێلەکانی دابەشکردنی غازی ماڵان، زێراب، گواستنەوەی ماست و بەروبوومە شیرییەکان، فەرمانبەرانی دارایی و بانک، ھەڵگرانی مۆڵەتی فەرمیی کشتوکاڵ، گواستنەوەی دەرمانی کۆگاکان، گواستنەوەی کەلوپەلی خۆراک و مارکێتەکان، سەربڕخانەی مریشک بە مەرجی پشتگیری کشتوکاڵی ھەولێر''.
فرسەت سۆفی جەختی لەوەشکردەوە کە لە کاتژمێر شەشی ئێوارە تا ١٢ی شەو ھاتووچۆ بە ھەموو شێوەیەک قەدەغەیە جگە لەوانەی کە ههڵاوێركراون.
ھەروەھا لهبارهی خشتەکەی دیکە، پارێزگاری ھەولێر گوتی: ''خشتەکەی دیکە لە کاتژمێر ١٢ی شەو تا شەشی بەیانی دەگرێتەوە کە تیایدا، ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی گازی مۆلیدە، پزیشک و کارمەندانی ڤێتەرنەری و پڕۆژەکانی سامانی ئاژەڵ، خاوەنی مۆلیدە و کارپێکەری مۆلیدە و بریکارەکانی خۆراک دەگرێتەوە''.
دواتر بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ھەولێر دلۆڤان محەمەد، لەبارەی رەوشی پزیشکان و دواین ئامارەکانی پهیوهست به كۆرۆنا گوتی: ''رەوشی نەخۆشەکان جێگیرە و ژمارەی نەخۆشەکان گەیشتووەتە ١٦٨ نەخۆش، تاوهکو دوێنێ ٢٩ نەخۆش چاکبوونەتهوە و ئەمڕۆش ھەشت نەخۆش چاکبوونەتەوە''.
دلۆڤان محەمەد گوتیشی: ''ژمارەی ئەو نەخۆشانەی لە پرسەکەی گەڕەکی کارێزان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون ١٠٠ کەسە و ھەر نەخۆشێک تەنانەت ئەگەر نیشانەیشی نەبێت، بەپێی رێنماییەکانی رێکخراوی تەندروستی جیھانی دەبێت حەوت رۆژ چاوەڕوان بین ئینجا پشکنینی بۆ ئەنجامبدرێت، لە ئەنجامی پرسەکە و بەرکەوتەی کەسەکان، تیمەکانی پزیشکی لە ھەڵمەتێکی گەورەدا پشكنینیان بۆ بازنەی یەکەم خێزانەکانیانن و دواتر بازنەی دووەم و دراوسێکان ئهنجامداوه''.