Zana Natık Kerem
11 تەمووز 2024•نوێکردنەوە: 12 تەمووز 2024
ھەولێر ــ AA
چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ پێنجشەممە، یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە سەرۆکایەتی ڕاکان سەعید جبوری وەک بەتەمەنترین ئەندام، ئەنجام بدرێت، بێ ئەوەی پارێزگار، سەرۆکی ئەنجوومەن و جێگرانی ھەڵبژێردرێن.
ئەمەش دوای ئەوە دێت ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی دوای لە لایەنە براوەکانی ھەڵبژاردن کرد کە ڕۆژی ١١ی ئەم مانگە، یەکەمین دانیشتنی ئەنجوومەنەکە ئەنجام بدەن.
دوێنێ چوارشەممە، ڕاکان سەعید جبوری دەستبەرداری پۆستی پارێزگاری کەرکووک بوو و وەک ئەندامی ئەنجوومەن سوێندی یاسایی خوارد.
ئەوەی زاندراوە لە یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ھیچ کام لە پارێزگار، سەرۆکی ئەنجوومەن و جێگرانی ھەڵنابژێردرێن.
بەپێی زانیارییەکان، سەرجەم لایەنە براوەکانی ھەڵبژاردن، بەشداری لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەکەن.
دوێنێ ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، پەروین فاتیح لە لێدوانێکدا بە میدیای خۆجێی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاندبوو کە ئەوان بەشداری یەکەم دانیشتندا دەکەن.
ھەر لەوبارەیەوە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دیلان غەفوور ڕایگەیاندووە کە تا ئێستا ھیچ ڕێککەوتنێک لەنێوان پارتی و یەکێتی و پێکھاتەکانی پارێزگای کەرکووک لەبارەی ھەڵبژاردنی پارێزگار و پێکھێنانی حکوومەتی خۆجێیی نەکراوە.
ئاشکراشی کردووە کە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ھیچ بڕیارێکی سیاسیی نادرێت، چونکە ھیچ ڕێککەوتنێک لە نێوان لایەنەکان لەبارەی ھەڵبژاردنی پارێزگار و پێکھێنانی حکوومەتی خۆجێیی نەکراوە.
باسی لەوەش کردووە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پۆستی پارێزگاری کەرکووک بە دەستکەوتی ھەڵبژاردنی خۆی دەزانێت و گوتی: "بەڵام بەلامانەوە گرنگە پارتی دیموکراتی کوردستان ڕەزامەندی ھەبێت لەبارەی بەربژێرەکەمان بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک".
دیلان غەفوور ئاماژەی بەوەشداوە، بەپێی یاسا پێویستە لەماوەی یەک مانگدا دوای ئەمجامدانی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا دەستبەکاربن و ئەنجوومەنەکە کاری خۆی ئەنجام بدات.
ڕاشیگەیاندووە، ئەگەر لەماوەی مانگێکدا پارتی و یەکێتی لەبارەی پۆستی پارێزگار و پێکھاتەکانی حکوومەتی خۆجێیی نەگەنە ڕێککەوتن، ئەوکات دادگای فیدراڵیی عێراق، دۆسێیەکە لەڕووی یاساییەوە یەکلایی دەکاتەوە، چونکە ناکرێت پارێزگایەکی ھەستیاری وەکو کەرکووک بەم دۆخەی ئێستا بمێنێتەوە.
ڕۆژی ٥ی شوباتی ڕابردوو دوا وادە بوو، بۆ ئەنجامدانی یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بەڵام بەھۆی ڕێکنەکەوتنی لایەنەکان لەسەر پێکھێنانی حکوومەتی خۆجێیی دانیشتنەکە ئەنجام نەدرا.
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە ١٦ ئەندام پێکھاتووە، ئەنجامدانی دانیشتنی ئەنجوومەنەکەش پێویستی بە ئامادەبوونی نۆ ئەندام ھەیە.
دوای حەوت مانگە لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، هێشتا لایەنە سیاسییەکان لە کەرکووک لەسەر پێکھێنانی حکوومەتی خۆجێیی و ھەڵبژاردنی پارێزگار ناکۆکن و نەگەیشتوون بەڕێککەوتن.