Zana Natık Kerem
23 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 23 ئاب 2022
ھەولێر ــ AA
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی لە عێراق بەهۆی مانگرتنی لایەنگرانی رەوتی سەدر لەبەردەم تەلاری ئەنجوومەن، هەڵپەساردنی کارەکانی خۆی، دادگاکانی سەربە ئەنجوومەنەکە و دادگای باڵای فیدراڵیی راگەیاند.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی و دادگای باڵای فیدراڵیی کۆبوونەوەتەوە، ئەوەیش دوای ئەوەی لایەنگرانی رەوتی سەدر مانگرتنیان لەبەردەم تەلاری ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی راگەیاند و بەناردنی نامە ھەڕەشە دەکەن و داوا لە دادگای باڵای فیدراڵیی دەکەن ئەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەران ھەڵبوەشێنێتەوە و بڕیار بدات ھەڵبژاردنێکی پێشوەخت ئەنجام بدرێت.
لە راگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەرییدا، ھاتووە "لەبەر ئەوە بڕیاردرا وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر ئەو ھەڵسوکەوتە نادەستوورییە کە پێشێلکردنی یاسایە، کارەکانی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی و دادگاکانی سەربە ئەنجوومەنەکە، ھەروەھا دادگای باڵای فیدراڵیی ھەڵپەسێردرێت".
راشیگەیاندووە "حکوومەت و ئەو لایەنە سیاسییەی کە لە پشت مانگرتنەکەی بەردەم ئەنجوومەنی باڵای دادوەرییەوەیە بە بەرپرسیاری یاسایی دەزانیین بەرامبەر ئەنجام و لێکەوتەکانی ئەم ھەڵسوکەوتە".
ئەمڕۆ سێشەممە ٢٣ی ئابی ٢٠٢٢، ژمارەیەکی زۆر لە لایەنگرانی رەوتی سەدر خۆیان گەیاندە بەردەم تەلاری ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی لە ناوچەی سەوز و خیوەتی مانگرتنیان جێگیرکرد.
ئەمەیش لە کاتێکدایە ماوەی ٢٤ رۆژە، خۆپیشاندان و مانگرتنی لایەنگرانی رەوتی سەدر لەبەردەم تەلاری ئەنجوومەنی نوێنەران لە ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا بەردەوامە کە داوا دەکەن ئەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەران ھەڵبوەشێندرێتەوە و ھەڵبژاردنێکی پێشوەخت ئەنجام بدرێت.