Heman Hussein Yaseen
03 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 03 تشرینی دووەم 2021
هەولێر - AA
ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ھەفتانەی خۆی بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی ئەنجام دەدات و تیایدا چەند تەوەرێک تاوتوێ دەکرێت.
لە کۆبوونەوەکە بابەتی کێشەی قوتابییانی پۆلی ١٢ و بابەتی قەرەبووی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی شەممەی رابردوو تاوتوێی دەکرێت.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە پێگەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردووەتەوە لە کۆبوونەوەکەدا چەند بابەتێک دەخرێنەڕوو کە بریتیین لە؛ خستنەڕووی رەشنووسی (پەیڕەوی ئەنجوومەنی باڵای گەشەپێدانی خانمان لە ھەرێمی کوردستان - عێراق) بە میوانداریی ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای خانمان. خستنەڕووی بابەتی وەرگرتنی دەرچووانی ئامادەییەکان لە زانکۆ و پەیمانگاکانی ھەرێمی کوردستان بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢١ - ٢٠٢٢ ، و چارەسەری زیادبوونی ژمارەی دەرچووان کە تێکڕای نمرەی بەرزیان بەدەستھێناوە لە تاقیکردنەوەی وزاریی ئامادەییەکان و توانای سنوورداری زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ وەرگرتنی دەرچووان بەپێی داخوازی خۆیان، ھەروەھا خستنەڕووی بابەتی قەرەبووکردنەوەی زیانی ھاووڵاتییان لە ئەنجامی لافاوی رۆژی ٣٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ و راسپاردنی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە ھۆکارەکانی روودانی ئەو زەرەر و زیانانە و چۆنیەتی چارەسەرکردنیان.