Zana Natık Kerem
02 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 02 کانوونی دووەم 2022
ھەولێر ــ AA
لە میانی لێکۆڵینەوەکان لە رووداوی کوژرانی ٢٠ کەسی یەک خێزان لە ناوچەی رەشایید سەربە ناحیەی جیبلە باکووری پارێزگای بابل ناوەڕاستی عێراق، ژمارەیەک ئەفسەر و کارمەندی ئەمنی دەستگیرکران.
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە بابل لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوە داوە کە لێکۆڵینەوەکان لە رووداوەکەی ناوچەی رەشائید، بەردەوامە کە بەھۆیەوە، ٢٠ کەسی یەک خێزان کوژراون.
بە گوتەی سەرچاوەکە لە میانی لێکۆڵینەوەکاندا تا ئێستا، ژمارەیەک ئەفسەر و کارمەندی ئەمنی دەستگیرکراون.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو لە میانی ھەوڵی ھێزە ئەمنییەکان بۆ دەستگیرکردنی دوو تۆمەتبار کە بەپێی ماددەی چواری تیرۆر داواکرابوون لە ماڵێکدا لە ناوچەی رەشایید باکووری پارێزگای بابل، خاوەن ماڵەکە تەقەی لە ھێزە ئەمنییەکان کرد.
دواتر ھێزە ئەمنییەکان گەمارۆی ماڵەکەیان دا و لە میانیدا شەڕ و پێکدادان لەنێوان ھێزە ئەمنییەکان و داواکراوەکاندا، روویدا.
لە ئاکامی شەڕ و پێکدادانەکەی نێوان ھێزە ئەمنییەکان و داواکراوەکاندا، ٢٠ کەس کە سەربە یەک خێزان بوون، کوژران کە لەنێویاندا شەش منداڵ ھەن.
لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکان، مستەفا کازمی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی بە ھەماھەنگیی لەگەڵ دادگای تێھەڵچوونەوەی پارێزگای بابل لێکۆڵینەوەی لەبارەی رووداوەکەی ناوچەی رەشائید دەست پێ کردووە.
رۆژی ھەینی رابردوو ھەر لەسەر کوژرانی ٢٠ کەسەکە لە ناوچەی رەشایید، بە بڕیاری وەزیری ناوخۆی عێراق، عوسمان غانمی بەڕێوەبەری پۆلیسی بابل، لیوا عەلی شممەری لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و لە شوێنی ئەو، لیوا خالید تورکی دەست نیشان کرا.