Zana Natık Kerem
02 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 03 کانوونی دووەم 2022
ھەولێر ــ AA
بەڕێوبەرایەتی بەرگریی شارستانیی عێراق رایگەیاند کە لە میانی ساڵی ٢٠٢١دا، ٣١ ھەزار و ٥٣٣ رووداوی ئاگرکەوتنەوەی لە کەرتە جیاوازەکاندا تۆمارکردووە.
بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی عێراق ئامارێکی لەبارەی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە ساڵی ٢٠٢١دا بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوە داوە کە لە میانی ساڵی رابردوودا، ٣١ ھەزار و ٥٣٣ رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە تۆمارکراون.
بەپێی ئامارەکە، رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە میانی ساڵی رابردوودا لە کەرتی گشتیییدا، گەیشتووەتە شەش ھەزار و ١٨٩ رووداو و لە کەرتی تێکەڵاودا، گەیشتووەتە ٢٩٣ رووداو و لە کەرتی تایبەتدا، گەیشتوووەتە ٢٥ ھەزار و ٥١ رووداو و ھاتووە "زۆربەی ھۆکارەکانی رووداوەکانی ئاگرکەوتنە لە ساڵی رابردوودا بۆ شۆرتەکانی کارەبا، سەرەڕۆیی منداڵان، پشتگوێخستن و جگەرە، ھەروەھا دزەکردنی غاز و کێشەی عەشایەری دەگەڕێتەوە".
ئەو ئامارەی بەڕێوبەرایەتی بەرگریی شارستانیی عێراق، تەنھا ١٥ پارێزگا دەگرێتەوە و پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان (ھەولێر، دھۆک و سلێمانی) ناگرێتەوە.
لە ساڵی ٢٠٢٠دا، بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی عێراق، ٢٩ ھەزار و ٦٥٨ رووداوی ئاگرکەوتنەوەی تۆمارکردبوو.