Heman Hussein Yaseen,Fakhradin Ibrahim Mohammad
21 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 26 شوبات 2022
هەولێر - AA / هێمن حوسێن-فەخرەدین ئیبراهیم
گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، جووتیار عادل دەڵێت "بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵی بە بڕیارێکی سیاسیی دەیبینین، بێگومان ئەمە پەیوەستە بە چەند هۆکارێکی دیکە و چەند رەھەندێکی سیاسیی ھەیە، ئێمە لە حکوومەتی ھەرێم بە ئاشکرا ئەم بڕیارەمان رەتکردەوە و لەلای ئێمە قبوڵکراو نییە، چونکە پشت بە ھیچ بنەمایەکی دەستووری نابەستێت".
جووتیار عادل دەشڵێت، "بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵی ئایندەی سیاسیی عێراق دەخاتە مەترسییەوە".
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جووتیار عادل لە دیمانەیەکی ئاژانسی ئانادۆڵودا رایدەگەیەنێت کە هەرچەندە بڕیارەکانی دادگا تانەی لێ نادرێت چونکە دەسەڵاتی باڵایە، بەڵام لەگەڵ حکوومەتی عێراق بەردەوام دەبین لە گفتوگۆکردن، جەختیش لەوە دەکاتەوە کە ئەوان لە حکوومەتی هەرێم بە ئاشکرا ئەم بڕیارەیان رەتکردووەتەوە و لەلایان قبوڵکراو نییە، هۆکارەکەیشی بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە ئەم بڕیارە پشت بە هیچ بنەمایەکی دەستووری نابەستێت، لە هەمانکاتدا پێیانوایە دەسەڵاتەکانی دەستووریی هەرێم لەم بوارەدا رەچاونەکراوە.
رۆژی ١٥ی شوباتی ٢٠٢٢، دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق، لە بڕیارێکی چوار خاڵییدا، فرۆشتنی نەوتی ھەرێمی کوردستانی لەلایەن حکوومەتی ھەرێمەوە، بە نادەستوریی ناوبرد و داوای رادەستکردنی دۆسیەی نەوتی ھەرێمی کرد و، ئەمەش کاردانەوەی خێرا و توندی حکوومەت و پەرلەمان و لایەنەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستانی بەدواداھات رایانگەیاند کە، ئەو بڕیارە ھێندەی بڕیارێکی سیاسییە، ھێندە یاسایی و دەستووریی نیە.
لەبارەی هۆکارەکانی دەرچوونی ئەم بڕیارە، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جووتیار عادل لە دیمانەیەکی ئاژانسی ئانادۆڵو دا دەڵێت: "ئەم دۆسیەیە دۆسیەکی ئاڵۆزە و ئێمە لەگەڵ حکوومەتی عێراق بەردەوام بووین لەم بابەتە و گرفتێکمان هەبوو لەگەڵ حکوومەت، هەربۆیەش لە شوباتی ٢٠٠٧ بەیەکەوە رەشنووسێکی یاسای نەوت و غازی عێراقمان داڕشت، بەڵام تاکلایەنە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە ئەم رەشنووسە هەموارکرایەوە کە ئەمەش وایکرد ئەو دەسەڵاتە دەستوورییانەی هەرێمی کوردستان هەیەتی لە بەهایەکەی بەتاڵ بکاتەوە، بۆیە ئەو رەشنووسەی کە پێشتر لەسەری رێککەوتبووین، جێبەجێ نەکراوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە ماددەکانی ١١٢،١١١،١١٠ ی دەستوور بەشێویەکی روون باس لەوەکراوە کە، هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بەیەکەوە سیاسەت و ستراتیژیەتی گەشەکردن بە کەرتی نەوت و غاز بدەن، بێگومان ئەمە دەسەڵاتێکی تایبەت نیە بە حکوومەتی فیدڕاڵی بەڵکو دەسەڵاتێکی هاوبەشە و لەدەستووردا هاتووە، هاوکات ئێمە لەسەردەمی حکوومەتەکەی مالکی رێککەوتنمان کرد کە، تا یاسای نەوت و غازی عێراق دەردەچێت، هەر لایەک بۆی هەیە وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و غازدا بکات، هەر بۆیەش ئەو کێڵگانەی کە پێویست بوو گەشەی پێ بدرێت، ئەوا هەرێمی کوردستان ئەو کێڵگە نوێیانەی گەشەپێداوە، چونکە لە دەستووردا ئاماژە دەکات کە تەنها ئەو کێڵگانەی کە هەن، عێراق بۆی هەیە گەشەی پێبدات، نەک ئەوانەی نوێیە".
جووتیار عادل دەشڵێت: "ئەو كێڵگە نوێیانەی کە ئیستیکشاف کران و، بەدوایدا گەڕان لەسەر حسابی ئەو کۆمپانیایانەی کە بەدوای نەوتدا گەڕاون، چونکە گرێبەستی ئێمە شەراکەن، واتا کۆمپانیا دێت و شوێنەکە دەدۆزێتەوە و بەرهەمدێنێت و، پاشان خەرجییەکانی بۆ سەرف دەکرێت بەپێی ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ حکوومەت هەیەتی. بەداخەوە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی لە چەند رۆژی رابردوودا لەبارەی نەوت و غازی هەرێمی کوردستان، ئێمە بە بڕیارێکی سیاسیی دەیبینین، بەتایبەت لەم کاتەدا، چونکە ئەم دۆسیەیە لە ساڵی ٢٠١٢ ەوە لە دادگایە، لەماوەی دە ساڵدا ئەم دۆسیەیە خەوێنرابوو، بەڵام بۆچی لەم کاتەدا، بێگومان ئەمە پەیوەستە بە چەند هۆکارێکی دیکە و چەند رەهەندێکی سیاسیی هەیە، ئێمە لە حکوومەتی هەرێم بە ئاشکرا ئەم بڕیارەمان رەتکردەوە و لەلای ئێمە قبوڵکراو نیە، چونکە پشت بە هیچ بنەمایەکی دەستووری نابەستێت، لە هەمانکاتدا دەسەڵاتەکانی دەستووریی هەرێم لەم بوارەدا رەچاونەکراوە، تەفسیرێککراوە کە بەداخەوە ئەم تەفسیرە نەک هەر لەبەرژەوەندی حکوومەتی هەرێمدا نیە، بەڵکو بەبۆچوونی ئێمە ئەم جۆرە بڕیارانە لە بەرژەوەندی ئایندەی سیاسیی عێراقیشدا نیە، چونکە بەبێ ئەوەی رەچاوی دەسەڵاتەکانی هەرێم و تایبەتمەندییەکانی بکرێت، بڕیارێک دەربچێت و سیاسەت دابڕێژرێت، پێشبینیی دەکەم ئەمە مەترسی لەسەر ئایندەی سیاسیی عێراق دروست بکات".

لەبارەی ئەوەی کە لە کاتێکدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشتی بە ماددەیەکی دەستووری بەستووە بەڵام دادگای باڵای فیدڕاڵی پشتی بە پێنج ماددەی دەستووریی بەستووە و، هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێم دوای بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵی چ دەبێت؟ گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جووتیار عادل دەڵێت: "بڕیارەکانی دادگا تانەی لێ نادرێت چونکە دەسەڵاتی باڵایە، بەڵام ئێمە لەگەڵ حکوومەتی عێراق بەردەوام دەبین لە گفتوگۆ و هەڵوێستی خۆمان روونکردووەتەوە و نایشارینەوە کە ئێمە پێشتریش لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای دادگا ناڕەزاییەتیمان هەبوو، بەڵام بەداخەوە لە ١٨ی ئاداری ٢٠٢١ ئەم یاسایە تێپەڕاندرا کە گوزارشت لەو پێکهاتە و تەوازونە ناکات کە لە دەستووردا چەسپاوە، عێراق ئەگەر بەشێوەیەکی تەواوفق بەڕێوەنەچێت ئەوا مەترسی دروست دەکات لەسەر پێکهاتەکان، بۆیە ئەم بابەتە بەلای ئێمەوە بابەتێکی هەستیارە، بۆیەش ئێمە بەردەوام دەبین لەگەڵ حکوومەتی عێراق، ئەم دید و پێکهاتەی دادگا لەلای ئێمە نیشانەی پرسیاری لەسەرە لەوەی نەیتوانیووە گوزارشت لە رۆحی دەقەکانی دەستووردا بکات بەڵکو هاتووە لایەنگیریی دەکات کە بەداخەوە ئەمە جێگای قبوڵ نییە".
لە کۆتایی دیمانەکەدا، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دڵنیاییدا بە کۆمپانیاکانی بواری نەوت و پابەندبوونی حکوومەتی بە ئەرکەکانی بەرامبەر بە کۆمپانیاکان و وڵاتانی هاوبەشیش دووپاتکردەوە و گوتی: "ئێمە پابەندین بەو ئەرکانەی لەبەرامبەر ئەو کۆمپانیا و وڵاتانەی کە هەمانە، ئەو پابەندبوونە بە نیسبەت حکوومەتەوە ئەولەویەتی هەیە و دڵنیایان دەکەین پابەندین لەسەر ئەرکەکانمان، هاوکات حکوومەتی هەرێم لەسەر ئەم بابەتە، چ لەسەر بنەمای دەستوور بێت کە ئێمە دڵنیاین لەو گرێبەستانە پشتمان بەدەستوور و یاسای نەوت و غازی هەرێم بەستووە، بۆیە ئێمە بە قەناعەتێکی تەواو ئەو سیاسەتەی کردوومانە سیاسەتێکی راست و دروست بووە".