Zana Natık Kerem
11 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 11 کانوونی یەکەم 2021
ھەولێر ــ AA
لە ئاکامی زنجیرەیەک ھێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق، پێنج حەشارگەی داعش لە پارێزگای سەڵاحەددین باکووری ئەو وڵاتە، خاپوورکران.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ شەممە ھێزەکانی دژەتیرۆری عێراق، ئۆپەراسیۆنێکیان بۆسەر پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە ناوچەی متێبیجە رۆژھەڵاتی پارێزگای سەڵاحەددین، دەست پێکردووە.
بەپێی راگەیەندراوەکە لە میانی ئۆپەراسیۆنەکەدا، فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق لە میانی حەوت ھێرشدا، پێنج حەشارگەی داعشیان بۆردومان کردووە.
باس لەوەشکراوەکە کە لە ئاکامی بۆردومانەکە، پێنج حەشارگەکەی داعش خاپوورکراون و ھەروەھا ئۆپەراسیۆنەکەیش، بەردەوامە.
وێڕای ئەوەی عێراق لە ساڵی ٢٠١٧دا، سەرکەوتنی بەسەر رێکخراوی تیرۆریستیی داعش و کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی رووبەری ئەو خاکەی کە رێکخراوەکە لە ھاوینی ٢٠١٤دا دەستی بەسەردا گرت راگەیاندووە، بەڵام تا ئێستا رێکخراوەکە لە رێگەی پاشماوە و شانە نووستووەکانی ناو بەناو کردەی تیرۆریستی ئەنجام دەدات، بەتایبەتیش لە ناوچەکانی سەربە پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووک، سەڵاحەددین، دیالە و ئەنبار.