Heman Husseın Yaseen
23 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 24 کانوونی دووەم 2020
هەولێر - AA
ئەمڕۆ پێنجشەممە، پەرلەمانی کوردستان بە ئامادەبوونی شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێم، تاوتوێی پڕۆژە بوودجەی ساڵی ٢٠٢٠ عێراقی فیدرال و دۆسیەی نەوت دەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە دانیشتنی ژمارە ١٦ی ئاسایی خولی پاییزەی ساڵی یەکەم لە خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت و تیایدا گفتوگۆ لەبارەی دوو تەوەر دەکرێت کە تایبەتە بە پرسی بوودجە و دۆسیەی نەوت، بەشێکی دیکەی دانیشتنەکەش تایبەتەکراوە بە پرسی دامەزراندنی سەنتەری راوێژکاریی بۆماوەیی نیشتمانی بەهۆی زۆربوونی رێژەی منداڵی ناکام و نەخۆشییە بۆماوەییەکان.
بەپێی بەرنامەی کاری پەرلەمان شاندی دانوستانکاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەمەبەستی خستنەڕووی دەرئەنجامی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ حکوومەتی فیدرالی سەبارەت بە پڕۆژە بوودجەی ساڵی ٢٠٢٠ و دۆسیەی نەوت ئامادەدەبێت.
بەشێکی دیکەی دانیشتنەکە تایبەتە بە خستنەڕووی بیرۆکەی پەرلەمانتار گەلاوێژ عبید عوسمان پەیوەست بە "دامەزراندنی سەنتەری راوێژکاریی بۆماوەیی نیشتمانی لەبەر زۆربوونی رێژەی منداڵی ناکام و نەخۆشییە بۆماوەییەکان".