Heman Hussein Yaseen
14 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 15 تشرینی یەکەم 2019
هه‌ولێر - AA
له‌میانی به‌شداریكردنی له كۆنفڕانسی ئه‌نجوومه‌نی ئابووری ئه‌مریكا و هه‌رێمی كوردستان، جێگری سەرۆکوه‌زیرانی ھەرێمی کوردستان قوباد تاڵه‌بانی رایگه‌یاند كه گفتوگۆکانیان لەگەڵ حکوومەتی ناوەند بەردەوامن و پەیوەندیەکانیان لەگەڵ بەغدا ئاسایی دەکەنەوە و کێشەکان چارەسەر دەکەن.
قوباد تاڵه‌بانی گوتی: ''ھیوادارم ئەو راستیە بگاتە سه‌رۆكی ئه‌مریكا دۆناڵد ترامپ كه کورد هه‌ركاتێك پێویستی کردووە شەڕ بکات لەسەر حەق، ئه‌وا شەڕی کردووە و سبەینێش ئه‌گه‌ر پێویست بکات لەسەر حەق شەڕ بکات، ئه‌وا شەر دەکات''.
جێگری سەرۆکوه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان گوتیشی: ''ئەنجامدانی ئەو کۆنفرانسە لە بارودۆخێکی سەختە ئێمە لە ھەرێمی کوردستان پێویستە ھەمیشە خۆمان ئامادە بکەین بۆ ھەر کێشە و گرفتێك کە روومان تێبکات لە کولتووری کوردەورایش ھەمیشە بەگەرمی بەخێرھاتنی میوانەکانمان کردووە، ھیوادارین ئەو میوانانەی لە ئەمریکا ھاتوون سەردانەکەیان نیشانه‌ی پشتیوانی بێت. لە پاڵ كۆبوونه‌وه‌كانیشیان خەڵکی ھەرێمی کوردستان بدوێنن و گوێی لە نیگەرانیەکانیان بگرن''.
جێگری سه‌رۆکوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان دووپاتیشیكرده‌وه كه وەک حکوومەت بەرپرسن لە بەڕێوەبردنی ھەرێم و گوتی: ''بەرپرسیاریه‌تی ئێمە بۆ چاکسازی و پێشخستنی ھەرێمی كوردستان و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانه و پەرەی پێدەدەین و ئەو چاکسازییانەی لە کابینەی رابردوو دەستمان پێکردووە، لەسەری بەردەوام دەبین و دەستمان بۆ چاکسازی نوێ بردووە لە بواری گشتی و حکوومی و ئیداری و دارایی''.
قوباد تاڵه‌بانی ئاماژه به پڕۆسه‌ی چاكسازی كرد و گوتی: ''ئه‌نجامدانی پڕۆسه‌ی چاکسازی ھاوکار دەبێت بۆ ھاندانی کەرتی تایبەت بۆ ئەوەی کۆمپانیا خۆیان تۆمار بکەن و، دووربکەوێتە لەو رۆتینیاتەی رووبەڕووی دەبێتەوە، چاکسازییەکان بەرەو حکوومەتی ئەلیکترۆنیمان دەبات و، دوورماندەخاتەوە لە نوسراو و له پڕۆسه ده‌ستی ده‌ستییه‌ی كه ئێستا دەگوزەرێت لە فه‌رمانگه‌كان، بێگومان ئەو ھەنگاوانەش بە پشتیوانی ئەمریکا دەمانگەیەنێتە حوکمڕانیەکی دروست تر، حکوومەتێک كه خزمەتی زیاتر بکات، پەیوەندییەکانی نێوانی لەگەڵ ھەموولایەک خێراتر و کارەکانی شەفافتر بێت، بەجۆرێک ھاووڵاتییەک یان خاوەنکارێک یان وەبەرھێنهرێك کارێکی لە حکوومەت هه‌بێت، ھەست بکات حکوومەت ھاوکاری دەبێت نەک ئاستەنگی بۆ دروست بکات''.
دووپاتیشیکردەوە كه حکوومەت پێداچوونەوەی سەرتاسەری دەکات لەھەموو ئەو بوارانەی کەمکردنەوەی رۆتینیان و یەکسانکردنی رێنمایی و شەفافکردنی کارەکان لەلایەن ھاووڵاتییان و گوتی: ''ھەنگاومان ناوە و دەستمان پێکردووە لە پرۆسەی تۆماری کۆمپانیا، ئەگەر کۆمپانیایەک نەتوانێت خۆی زوو تۆمار بکات ناتوانێت لە کوردستان کار بکات، دەرفەت لە ناوچەکە زۆرە ئەگەر بمانەوێت پەرە بە پەیوەندیەکانمان بدەین لەگەڵ ئەمریکا دەبێت کارئاسانیان بۆ بکەین''.
له درێژه‌ی قسه‌كانیدا، جێگری سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه نابێت ته‌نها پشت به نه‌وت ببه‌سترێت و گوتی: ''ئەولەویەتی ئێمە ئەوەیە ئابووری ھەرێمی كوردستان ھەمەجۆر بکەین، نەوت بەدیلی نییە، بەڵام نابێت ھەموو ھێلکەکانی خۆمان بخەینە سەبەتەی نەوت یان بەرمیلی نەوت، زەویێکی بە پیتمان ھەیە، کاتی ھاتووە گرنگی بە كه‌رتی کشتوکاڵ بدەین و کاتی ھاتووە بایەخ به بواری پیشه‌سازی بده‌ین و کەرەستەی خاومان زۆرە، کاتی ھاتووە گه‌شه‌یان پێبده‌ین تاوەکو پشتیوانێك بێت بۆ کەرتی نەوت''.
سه‌باره‌ت به په‌ره‌پێدانی كه‌رتی ئابووری هه‌رێمی كوردستان، قوباد تاڵه‌بانی ئاماژه‌ی به كه‌رتی گه‌شتیاری كرد و گوتی: ''لە رۆژانی جه‌ژن سەدان ھەزار کەس روو لە ھەرێمی کوردستان دەکات، کوردستان سروشتێکی جوانی ھەیە و پێویستە پەرە بە کەرتی گه‌شتوگوزار بدەین بۆ ئەوەی ھاندەرێک بێت بۆ پەرەپێدانی ئابووری، ئەمانە بەشێکن لە ئەولەویاتی کابینەی حکوومەت''.
له كۆتایی قسه‌كانیشیدا، جێگری سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان قوباد تاڵه‌بانی باسی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدای كرد و گوتی: ''بەداخەوە گرژی و ئاڵۆزییەکان و خۆپیشاندانەکانی ئه‌م دواییه‌ی عێراق کەمێک سیستی کەوتبووه ناو گفتوگۆکانی نێوان ئێمه و به‌غدا، بەڵام دوێنی گفتوگۆكانمان دەستی پێکردەوە و دڵنیام ئەو گفتوگۆیانە بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی بتوانین بگەینە ئەنجامی گونجاو لە چوارچێوەی دەستوور لەسەر سەرجەم کێشەکانی نێوانمان لە نەوت و ناوچە جێناکۆکەکان و مەلەفی ئەمنی''.