Ozhin Jola
20 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 20 ئادار 2021
کەرکووک - AA
ئەمڕۆ شەممە، سێ رێوڕەسمی جیاواز بۆ بەرزراگرتنی جەژنی نەورۆز لەکەرکووک لەباخچەی مارف بەرزنجی و بارەگای حزبی شیوعی و قەڵای کەرکووک بەڕێوەچوو.
بەشێک لە چالاکوانان و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی لەباخچەی مارف بەرزنجی لەگەڕەکی حەسیرەکەی شاری کەرکووک، بەداگیرساندنی ئاگری نەورۆز رێوڕەسمێکیان رێکخست.
رێکخەری رێوڕەسمەکە، ئاھەنگ ئەنوەر بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵو گوتی: ئەمڕۆ ئێمە وەک بەشێک لەچالاکوانانی کۆمەڵی مەدەنی یادی جەژنی نەورۆزمان کردەوە و ویستمان پەیامی ئاگری نەورۆز بەھەموو جیھان بگەیەنین".
ئاھەنگ ئەنوەر باسی لەوەیشکرد کە " بەھۆی حوکمی عەسکارتارێت لەکەرکووک و پارێزگارێکی فاشست و رێگریکردن لەئەنجامدانی مەراسیمی جەژنی نەورۆز لەشارەکە و بەردەوام دەیانەوێت بۆنە گرنگەکانی کورد لەگۆڕ بنێن".
لە رێوڕەسمێکی دیکەدا کە لەبارەگای حزبی شیوعی کوردستان لەکەرکووک رێکخرا، ھەرسێ لایەنی رەوتی کەرکووک بۆ کەرکووکیەکان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و حزبی شیوعی کوردستان تێدا بەشداربوون.
لە رێوڕەسمەکەدا سەرۆکی رەوتی کەرکووک بۆ کەرکووکیەکان، میقداد فەیزوڵا بەئاژانسی ئەنادۆڵوی راگەیاند: "ئێمە لەحزبی شیوعیەوە بانگھێشتەمان بۆ ھاتووە و بەشداریمانکردوە و دەمانەوێت پەیامی ئاشتی بگەیەنینە ھەموو جیھان".
میقداد فەیزوڵا گوتیشی: "لەسەر ئێمە پێمان خۆشدەبوو ھەموو حزب و لایەنەکان بەیەکەوە و لەسەر قەڵای کەرکووک یادی نەورۆز ئەنجامبدرێ بەڵام قەدەغەی ھاتوچۆ و قەدەغەکردنی کۆبوونەوەی فراوان ھۆکارێکبوو بۆ رێکنەخستنی ئاھەنگێکی ھاوبەش بۆ کەرکووک".
لەلایەکی دیکەوە لەسەر قەڵای کەرکووک، بەشێک لەلایەنگران و ئەندامانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئاھەنگی یادی نەورۆزیان بەداگیرساندنی مەشخەڵ و ئاگر بەرزراگرت.