Heman Hussein Yaseen
15 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 16 ئادار 2022
هەولێر - AA
لە یادی ٣٤ ساڵەی کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لەلایەن حکوومەتی عێراق کە بووە هۆی شەهیدبوونی زیاتر لە پێنج هەزار هاووڵاتیی مەدەنی و برینداربوونی چەندانی دیکەش کە تا ئێستاش بە دەست ئازارەکانییان دەناڵێن، سبەی چوارشەممە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوەکان پێشوازی لەو میوانانە دەکات کە بە مەبەستی هاوخەمی و بەشدارییکردن لە بۆنەکە، تاجەگوڵینە لە مەزاری شەهیدان لە هەڵەبجە دادەنێن.
بریکاری وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەرەڤان حەمدی لەبارەی بەڕێوەچوونی ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمڕۆ جگە لەوەی بەیاننامەی فەرمییمان دەبێت، هاوکات سبەی ١٦ی ئادار، بەڕێوەبەرایەتی شەهیدانی هەڵەبجە و پارێزگای هەڵەبجە لە کاتژمێر ١٠ی بەیانی تا دووی دوای نیوەڕۆ، رێوڕەسمی دانانی تاجەگوڵینەیان دەبێت، هەر کەسێک بیەوێت تاجەگوڵینە دابنێت ئەوا دەتوانێت سەردانی مەزاری شەهیدان بکات کە ئەمە رێوڕەسمی فەرمیی دەبێت لە هەڵەبجە، جگە لەوەش لە مۆنیۆمێنتی هەڵەبجەش چالاکی دیکەی تایبەت بەو یادە دەبێت".
بەرەڤان حەمدی گوتیشی: "سبەی چوارشەممە، لەسەر ئاستی سەرۆکایەتی هەرێم، سەرۆکایەتی پەرلەمان، سەرۆکایەتی حکوومەت و دامودەزگا فەرمییەکان، دامودەزگا رێکخراوەییەکان، نوێنەرایەتیە بیانییەکان و نوێنەرایەتییەکانی کوردستان لە دەرەوە، کاتژمێر ١١ی بەیانی بۆ ماوەی پێنج خولەک رادەوەستن وەکو رێزگرتن بۆ قوربانییانی هەڵەبجە و کیمیاباران لە هەموو کوردستاندا وەکو ماتەمینێک بۆ پشتگیرییکردنی کەسوکاری قوربانییانی سڤیل کە گیانی خۆیان سپارد و بەشێکیش بریندارن و تا ئێستا ئەو ئازارەیان لە جەستەدا ماوەتەوە.
کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆی رۆژی ١٦ی ئاداری ١٩٨٨، فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق شاری ھەڵەبجەیان بە گازی کیمیایی بۆردومان کرد و بەھۆیەوە زیاتر لە پێنج ھەزار ھاووڵاتیی سڤیل شەھید و چەندین ھاووڵاتیی دیکەیش برینداربوون کە تا ئێستاش بەشێکیان بەدەست ئازارەکانییانەوە دەناڵێنن.