Zana Natık Kerem
12 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 13 ئەیلوول 2020
هەولێر ــ AA
گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق، لیوا تەحسین خەفاجی رایگەیاند: "هێزە ئەمنییەكان لەو ئۆپەراسیۆنەی كە بە ئامانجی سەپاندنی یاسا، دەستگیركردنی كەسانی داواكراو و دەست بەسەرداگرتنی چەكی بێ مۆڵەت لە ژمارەیەك پارێزگای ئەنجامی دەدەن، بەردەوامن و ئاماژەی بەوەیش دەكات رەوشی ئەمنی ئەو ناوچانەی كە ئۆپەراسیۆنەكەیان تیایدا ئەنجامدراوە، سەقامگیر بووە".
لیوا تەحسین خەفاجی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا گوتی: "ئۆپەراسیۆنی سەپاندنی یاسا رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر رەوشی ئەو ناوچانە هەبوو كە ئۆپەراسیۆنەكەیان تیایدا ئەنجامدراوە".
گوتیشی: "ئۆپەراسیۆنی سەپاندنی یاسا بەردەوامە بە ئامانجی دەست بەسەرداگرتنی چەكی بێ مۆڵەت و دەستگیركردنی ئەو كەسانەی كە داواكراون".
لە هەفتەی رابردووە، هێزەكانی سوپا و پۆلیسی عێراق، زنجیرەیەك ئۆپەراسیۆنیان بە ئامانجی دەست بەسەرداگرتنی چەكی بێ مۆلەت و دەستگیركردنی كەسانی داواكراو لە ژمارەیەك پارێزگای ئەو وڵاتە ئەنجام دەدەن.