Zana Natık Kerem
16 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 16 ئاب 2021
ھەولێر ــ AA
سوپای عێراق ناسنامەی ئەو کەسانەی کە تاوەرەکانی گواستنەوەی کارەبا لە ژمارەیەک ناوچەی ئەو وڵاتە دەکەنە ئامانج و ئاشکرا کرد و رایگەیاند کە ئامانجێکی گەورە لە پشت بەئامانجکردنی تاوەرەکانی گواستنەوەی کارەباوەیە.
گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق، لیوا تەحسین خەفاجی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە، ژمارەیەک کەس کە تێوەگلاون لە بە ئامانجکردنی تاوەرەکانی گواستنەوەی کارەبا دەستگیرکراون و لە میانی لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیاندا، دەرکەوتووە تیرۆریستانی داعشن و گوتی: "ئامانج لە بەئامانجکردنی تاوەرەکانی گواستنەوەی کارەبا، خوڵقاندنی گرژیی و نیگەرانییە لە بواری ئەمنیدا".
لیوا تەحسین خەفاجی باسی لەوەشکردووە کە دەستگیرکراوەکان دوای وەرگرتنی گوتەکانیان لەلایەن دەزگا ئەمنی و ھەواڵگرییەکانەوە، رەوانەی دادگا کراون و گوتی: "ئامانجێکی گەورە لە پشت بەئامانجکردنی تاوەرەکانی گواستنەوەی کارەباوەیە".
جەختیکردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە کامێراکانی چاودێریی بوونەتە خاڵێکی گرنگ بۆ پشتیوانیکردنی ھێزە ئەمنیی و ھەواڵگرییەکان، ھەروەھا چاودێرکردنی جموجۆڵی تیرۆریستان لەسەر سنوورەکانی عێراق.
گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق، تەحسین خەفاجی سەبارەت بە جموجۆڵی تیرۆریستان لە رۆژئاوای نەینەوا، گوتی: "ھێزە ئەمنییەکان، بەردەوام ئۆپەراسیۆن بە ئاراستەی جموجۆڵی تیرۆریستانی داعش لە ھەموو ناوچەکانی عێراق ئەنجام دەدەن".
لە مانگی رابردوودا، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق راگەیاندبوو کە رشوێنی تایبەتی بۆ بەرگرتن لە بەئامانجکردنی تاوەرەکانی گواستنەوەی کارەبا گرتووەتەبەر.