Zana Natık Kerem
16 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 16 ئاب 2021
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاند کە گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردن ھۆکاربوون لە کەوتنی پارێزگای نەینەوا، بە دەستی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ دووشەممە، کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیران بەسەرۆکایەتی مستەفا کازمی لە پارێزگای نەینەوا ئەنجامدراوە.
بەپێی راگەیەنراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاندووە کە پارێزگای نەینەوا خۆشەویست، ئازیز، دڵی عێراقییەکانە و بەشێکە لە شتارستانییەتی عێراق کە بەیەکگەیشتن و درێژکراوەیە لە سۆمەرەوە بۆ ئاشوور و رەنگدانەوەی لە ھەموو شارەکانی دیکەی عێراق بەدی دەکرێت و نەینەوا قووڵایی مێژوویی و رەسانەیەتی عێراقییەکانە و گوتی:
"بەرێکەوت نییە نەینەوا، بووەتە نموونەی فرەنەتەوە لە عێراق، ھەروەھا بەرێکەوت نییە، خاکی عێراق ئەم ھەموو فرەییە لەخۆدەگرێت کە بەسەرچاوەی ھێزی دەزانین و وای دەبینن کە گەوھەری ناسنامەی عێراقییەکانە".
مستەفا کازمی گوتیشی: "ھەر نەتەوەیەک کە پارێزگاریی لە فرەیی خۆی بکات و رێزیشی لێ بگرێت، خاوەن شارستانییەتیەکی زیندووە، ئەمڕۆ نەدەبووین بە خاوەن ئەم فرەییە، ئەگەر رەسەنایەتی عێراقییەکان، رێزگرتن لەیەکتر و شانازیکردن بە رۆشنبرییەوە نەبووایە".
سەرۆکوەزیرانی عێراق ش"لێرە لەسەر ئەم خاکە خۆشەویستە، قوربانیدانی ھەموو رۆڵەی گەلەکەمان بە جیھان نیشاندرا کاتێک بەرگرییان لە ناسنامەی نەینەوا، عێراقبوون و رەسەنایەتی کرد، چونکە رۆڵەکانی عێراق رەتیانکردەوە ئەم شارە مەزنە لەلایەن تیرۆرەوە داگیر بکرێت، ھەروەھا عێراقییەکان بەسەر تیرۆریستاندا سەرکەوتن، چونکە وەک دەڵێن مووسڵاوییەکان لە پێشەوەی بەرگرییکاراندان لە شارەکەیان".
مستەفا کازمی ھەروەھا گوتی: "بە کەسوکارمان لە نەینەوا دەڵێم، ھاتووم بۆ ئوم ئەلرەبیعەین تا کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران ئەنجام بدێن بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری ئەو کێشانە بین کە نەینەوا لەسەرجەم بوارەکانی بەرەوڕووی بووەتەوە، زۆر دڵگرانین کە دەبینین نەینەوا ھێشتا بەدەست کێشەی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوە دەناڵێنێت".
لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە میانی کۆبوونەوەکەدا باسی لەوەکردووە کە گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردن ھۆکاربوون لە کەوتنی پارێزگاکە بە دەستی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش و گوتی:
"بەپێی توانا شەڕی دژبە گەندەڵیمان کردووە، من باش دەزانم کە ھەموو عێراقییەکان و خەڵکی مووسڵ پاڵپشتیان لێکردووین لە شەڕی دژبە گەندەڵی، بەڵام شەڕەکە دوور و درێژە و لەوانەیە لە شەڕی دژبە داعش گەورەتر بێت و پێویستی بە پشتیوانیکردنی ھەمووان ھەیە".
سەبارەت بە ئاوەدانکردنەوەی مووسڵیش، مستەفا کازمی گوتی: "لیژنەیەکی تایبەتمان بە ئاوەدانکردنەوەی مووسڵ پێکھێناوە، ھەروەھا نەخشەڕێگایەک و پلانێکی کارکردنی خێرامان داناوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە بەرەوڕووی پارێزگاکە بوونەتەوە".
راشیگەیاندووە "دەستمان بەکارکردن کردووە لە ژمارەیەک پڕۆژەی ستراتیجیی لە پارێزگاکە لەوانە فڕۆکەخانەی مووسڵ و وێستگەی شەمەندەنەفەر".
ھەر بەپێی راگەیەنراوەکە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی جەختیکردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە وەزیرەکان رادەسپێرێت بۆ ئەوەی بەردەوام سەردانی پارێزگای نەینەوا بکەن، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری کێشەکانی پارێزگاکە بن و چارەسەری خێرایش بۆ کێشەکان بدۆزنەوە و گوتی:
"پێویستە سەرجەم وەزارەتەکان، پاڵپشتی لە لیژنەی ئاوەدانکردنەوەی مووسل بکەن، بۆ ئەوەی لیژنەکە سەرکەوتوو بێت لە جێبەجێکردنی ئەرکەکەی".
لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەیشدراوە کە مستەفا کازمی رایگەیاندووە "بە کەسوکارمان لە مووسڵ دەڵێم، داھاتوو بۆ خوشەویستانی عێراقە، ھیچ داھاتوو بۆ گەندەڵکاران و تیرۆر نییە، ئێمە و ھەموو کەسوکارتان لە شارەکانی دیکەی عێراق لەگەڵ ئێوەداین، لەگەڵتانین بۆ دووبارە ھەستانەوە".
بەیانی ئەمڕۆ، سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بەسەرۆکایەتی شاندێکی حکوومیی بە مەبەستی ئاگاداربوون لە رەوشی نەینەوا، گەیشتە پارێزگاکە.