Zana Natık Kerem
05 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 07 ئەیلوول 2020
هەولێر ــ AA
گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق، لیوا تەحسین خەفاجی رایگەیاند، ئەو هەڵمەتە ئەمنییەی كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە لە ناوچەكانی حوسەینییە و مەعامل رۆژهەڵاتی بەغدا ئەنجامدران، پەیامێكی روونە لەوەی رێگە بە هەڕەشەكردن لە ئاسایشی هاووڵاتییان نادرێت.
لیوا تەحسین خەفاجی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا گوتی: "دەبێت چەك تەنها لەدەستی دەوڵەتدا بێت، بۆ ئەوەی كەس نەتوانێت یاری بە ئاسایش هاووڵاتییان و یاساوە بكات، هەر كەسێك هەڕەشە لە ئاسایشی هاووڵاتییان بكات، دەستگیر دەكرێت".
گوتیشی: "بەردەوام ئۆپەراسیۆن و هەڵمەت ئەنجام دەدەین، بە تایبەتیش لەوكاتەی هەست دەكەین هەڕەشە لە لایەن تیرۆریستانەوە یان كەسانی دەرچوو لە یاسا بۆسەر ناوچەكە هەیە".
گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق، لیوا تەحسین خەفاجی ئاشكراشیكرد كە هەڵمەتە ئەمنییەكەی ئەمڕۆ لەسەر فەرمانی سەرۆكوەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق، مستەفا كازمی ئەنجام دراون كە لە میانییدا ژمارەیەك كەسی داواكراو دەستگیركراون و دەستیش بەسەر ژمارەیەك چەك و بڕێك تەقەمەنییدا گیراوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە هێزە ئەمنییەكانی عێراق، هەڵمەتێمی گەڕان و پشكنینیان بە ئامانجی دەست بەسەرداگرتنی چەكی بێ مۆڵەت و دەستگیركردنی كەسانی داواكار لە ناوچەكانی حوسەینییە و مەعامل رۆژهەڵاتی بەغدا ئەنجامدا.
پێشتر شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق رایگەیاندبوو كە لە میانی هەڵمەتەكەدا، سێ كەسی داواكراو دەستگیركراون، هەروەها دەستیش بەسەر دوو چەكی ئاربیجی، 121 كڵاشینكۆڤ، 17 چەك، هەشت نارنجۆك، سێ ئامێری جۆری پەیوەندی مۆتۆرۆلا، 70 یەدەكی فیشەك و 11 ئامێر مۆبایل كە بۆ تەقاندنەوەی بۆمب بەكاردەهێندران لەگەڵ دوو ئۆتۆمبێلی بێ مۆڵەتدا گیراون.