Sarmand Hameed
29 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 29 نیسان 2023
ھەولێر – AA
سەرکۆماری عێراق، عەبدوللەتیف رەشید بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵا بەرەو ئێران بەڕێکەوت.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ شەممە ٢٩ی نیسانی ٢٠٢٣، عەبدولـلەتیف رەشید بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵا بەرەو ئێران بەڕێکەوت.
ئەم سەردانەی سەرکۆماری عێراق لەسەر بانگهێشتی فەرمی سەرکۆماری ئێران، ئیبراهیم رەئیسی ئەنجام دراوە.
بڕیارە عەبدولـلەتیف رەشید لە میانی سەردانەکەی بۆ ئێران لەگەڵ سەرکۆماری ئێران، ئیبراھیم رەئیسی و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای دیکەی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە.
لە میانی کۆبوونەوەکانی سەرکۆماری عێراق و گەورە بەرپرسانی ئێران، رەوشی ھەردوو وڵات بە تایبەتی و رەشی ناوچەکە بە گشتیی تاوتوێ دەکرێت.
رۆژی ٢٤ی ئەم مانگە وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاھیان رایگەیاندبوو کە بەم نزیکانە سەرکۆماری عێراق، عەبدولـلەتیف رەشید سەردانی تاران دەکات.