Sangar Hamad Azeez
24 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 26 تشرینی یەکەم 2015
پارێزگەی کەربەلا لە عێراق بە سیمبولی پیرۆزی شیعەکان دادەنرێت و مەزاری حوسەین کوڕی عەلی لەوێیە.
ساڵانە لەو رۆژەدا بە سەدان هەزار هاووڵاتی شیعە مەزهەب لەسەرانسەری وڵات روو لەو شارە دەکەن تەنانەت لە ئێران و لوبنان و پاکستانیشەوە موسڵمانانی شیعە مەزهەب بەمەبەستی سەردانی گۆڕی ئیمامی حوسێن دێنە کەربەلا.
لە مەڕاسیمەکەدا هاووڵاتیان بەدرێژایی دوو کیلۆمەتر بەپێ دەڕۆن و دواتر سەردانی گۆڕی ئیمام حوسێن و عەباس دەکەن پاشان لە شەقامەکانی کەربەلا دەسووڕێنەوە و وەک دەربڕینی ماتەمینی لە خۆیان دەدەن.
لەم رۆژەدا خێرخوازانی شیعە، هەوڵ دەدەن یارمەتی ئەو کەسانە بدەن کە بەمەبەستی سەردانی کەربەلا، رێگەی دووریان بڕیوە و بۆ ئەم مەبەستەش لە شەقامەکان و نزیک گۆڕی ئیمامی حوسێن خواردن دەبەخشنەوە".
بەمەبەستی دەربڕینی هاوخەمی خۆیان بۆ کوژرانی ئیمامی حوسێن و 72 هاوەڵی، پیاوانی شیعە مەزهەب لەو رۆژەدا دێنە شەقام و لە سنگ و پشتی خۆیان دەدەن و ئافرەتانیشیان هاوڕێیەتی ئەو مەراسیمە دەکەن و دۆعا دەخوێنن.
هاوکات هێزەکانی ئاسایشی عێراق بۆ پێشگرتن لە ئەگەری هاتنەئارای هەر رووداوێکی نەخوازراو، رێوشوێنی ئەمنی توند دەگرنەبەر.
خەڵکی شیعەمەزهەب لە عێراق و وڵاتانی تر، ساڵانە بە مەبەستی یادکردنەوەی رووداوی کەربەلا و "شەهیدبوونی ئیمام حوسێن و ٧٢ هاوڕێی" و دەربڕینی هاوخەمی خۆیان مەراسیمێک ساز دەکەن و بە لەخۆدان و گریان و هەنسک و دۆعا و نزا رۆژی ١٠ی موحەڕەم واتە رۆژی رووداوەکە بەرز رادەگرن.