Hawkar Yaseen
10 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 10 تشرینی دووەم 2020
هەولێر AA
سەرۆکایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ کۆچی دوایی قادری حاجی عەلی، کەسایەتی دیاری سیاسی هەرێمی کوردستان پرسەنامەیەکیان بڵاوکردەوە.
هاوسەرۆکانی یەکێتی لە پرسەنامەکەیاندا رایانگەیاندووە "بەداخ و كەسەرێكی زۆرەوە، بەهۆی ڤایرۆسی نەگریسی كۆرۆنا، هەڤاڵ قادری حاجی عەلی، سەركردە و سیاسەتمەدار و تێكۆشەرێكی دێرینی كوردایەتی بۆ هەتاهەتایە بەجێهیشتین، كۆچی دوایی كاك قادری حاجی عەلی، مرۆڤێكی نیشتمانپەروەر و سەركردە و پێشمەرگەی دێرینی شۆڕشی نوێ و ئەندامی پێشووتری مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و یەكێك لە دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی گۆڕان، خەمێكی قووڵ و داخێكی سەختە".
راشیانگەیاندووە "كاك قادری حاجی عەلی بەشی زۆری تەمەن و گەنجێتی لەناو شۆڕشی نوێ و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و خەبات بۆ بەدیهێنانی مافە رەواكانی گەلەكەی تەرخانكرد، رۆڵی بەرچاو و گرنگی هەبوو لەو ئەرك و بەرپرسیاریەتیانەی پێی سپێردرابوو، كاك قادری حاجی عەلی، كە رۆڵەی خانەوادە و بنەماڵەیەكی خاوەن پێگە و تێكۆشەری شاری سلێمانی بوو، بەشی زۆری تەمەنی خۆی، بۆ ئازادی و سەرفرازی گەلە ستەمدیدەكەی تەرخانكرد، بەم هۆیەشەوە خانەوادە و كەسوكاریشی تووشی نەهامەتی و ستەمی زۆر بوونەوە، بەڵام هەر وەك خانەوادەیەكی تێكۆشەر و قوربانیدەر بەسەربەرزانە درێژەیان بەخەبات دا".
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەشیاندا هاوسەرۆکانی یەکێتی رایانگەیاندووە "بۆ ئەم خەمە، پرسە و سەرەخۆشی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاراستەی كەسوكارو خانەوادەی سەربەرزی قادری حاجی عەلی و هەموو هاوڕێ و هاوسەنگەران و تێکۆشەرانی یەکێتیی دەكەین، خۆمان بەهاوبەشی خەم و پرسەی هەموولایەك دەزانین، یەزدانی مەزن دڵنەوایی هەموولایەك بداتەوەو رۆحی كاك قادریش بۆ هەمیشە شادبكات، یاد و بیرەوەری پڕ لەسەروەری كاك قادری حاجی عەلی هەمیشە بەزیندوویی دەمێنێتەوە".