Abdullah Abdulmanaf Shukur
29 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 29 تشرینی یەکەم 2020
ھەولێر - AA
ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لاھور شێخ جەنگی لە پەیامێکدا بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام، حەزرەتی محەمەد (د.خ)، پیرۆزبایی لە موسڵمانانی ھەرێمی کوردستان و عێراق و جیھان کرد.
لاھور شێخ جەنگی لە پەیامەکەیدا رایگەیاندووە کە پێویستە ئاکارە بەرزەکانی پێغەمبەری ئیسلام حەزرەتی محەمەد (د.خ) بۆ پێکەوە ژیان ببێتە رێنشاندەر لە پێناو رەخساندنی زەمینەیەکی لەبارتر بۆ ژیانێکی باشتر بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.
راشیگەیاندووە کە پێویستە لەم یادەدا بەھاکانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و یەکتر قبووڵکردن لەناو گەل، قووڵتر بکرێتەوە.
لە بەشێکی پەیامەکەی لاھور شێخ جەنگی ھاتووە: "یادی لە دایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (دروودی خوای لێ بێت)، لە مرۆڤایەتی و گەلەکەمان پیرۆز دەکەین. ھاوکات لە نیگەرانیی ئەم رۆژانەی خەڵکی کوردستان تێ دەگەین. لەسایەی پێشەوایەکی وا مەزندا، نابێت دەرفەت بدەین بە گرووپە توندڕەوەکان ببنە رێنیشاندەرمان. ھەروەک نابێت ئازادی رادەربڕین بێ باک بێت لەوەی پێکەوە ژیان بخاتە بەر مەترسی".
لە کۆتایی پەیامەکەی ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لاھور شێخ جەنگی ھاتووە: " نابێت بەناوی پارێزگاریکردن لە سێمبولەکان، دەست ببرێت بۆ ئاشتەوایی نێوان کولتوور و دین و شارستانییەکان. با پێکەوە بە کردەوە لێبوردەیی بچەسپێنین".