Zana Natık Kerem
20 مای,س 2024•نوێکردنەوە: 21 مای,س 2024
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سووانی ھاوخەمی خۆی بۆ گیانلەدەستدانی سەرکۆماری ئێران، ئیبراھیم ڕەئیسی یاوەرانی دەربڕی.
محەمەد شیاع سوودانی پەیامێکی سەرەخۆشی بۆ گیانلەدەستدانی سەرکۆماری ئێران، ئیبراھیم ڕەئیسی یاوەرانی ئاراستەی گەلی ئێران کردووە و تیایدا ھاتووە: "بە خەم و پەژارەیەکی زۆرەوە ھەواڵی گیانلەدەستدانی سەرکۆماری ئیسلامی ئێران، ئیبراھیم ڕەئیسی یاوەرانیم پێگەیشت بەھۆی کەوتنە خوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەیانەوە لە باکووری ئێران".
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەشێکی پەیامەکەیدا، پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستە ڕابەری باڵای ئێران، عەلی خامنەیی، حکومەت و گەلی ئێران کردووە و ڕایگەیاندووە: "ھاوخەمی و ھاوسۆزی خۆمان لەگەڵ گەلی ئێرانی برا و برایانی بەرپرس لە کۆماری ئیسلامی دەردەبڕین بۆ ئەم کارەساتە دڵ تەزێنە".
دوێنێ یەکشەممە ھێلیکۆپتەرێک کە سەرکۆماری ئێران، ئیبراھیم ڕەئیسی و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاھیان و پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژھەڵات، مالک ڕەحمەتی، ئیمامی ھەینی تەورێز ئایەتوڵڵا عەلی ھاشم ھەڵگرتبوو، دوای گەڕانەوەی لە بەسەرکردنەوەی ھەوڵەکانی دروستکردنی بەنداوێک لەسەر سنوورەکانی ئازەربایجان، بەھۆی نالەباری کەشوھەواوە کەوتە خوارەوە.
ھاوکات بەپێی میدیاکانی ئێران لە ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی ئەو ھێلیکۆپتەرەی کە سەرکۆمار ئیبراھیم ڕەئیسی تێدا بووە، سەرجەم سەرنشینانی گیانیان لەدەستداوە.