Arif Yusuf
26 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 27 تشرینی دووەم 2019
بەغدا ــ AA
سەرچاوە پزیشكی و ئەمنییەكان رایانگەیاند كە لە ئاكامی پێكدادانی نێوان هێزە ئەمنییەكان و خۆپیشاندەران لە شارەكانی بەغدا، كەربەلا و ناسرییە 40 خۆپیشاندەر و 61 كارمەندی ئەمنی برینداربوون.
لەوبارەوە بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی بەغدا لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە كە تیمەكانیان لە میانی هەوڵی كوژاندنەوەی ئاگرێك كە لە ناوچەی حافز قازی و شەقامی رەشید ناوەڕاستی بەغدا كەوتبوویەوە بە بۆمب هێرشیانكراوەتە سەر و بەهۆیەوە ئەفسەرێك و 10 كارمەندی بەرگریی شارستانی برینداربوون، بێ ئەوەی ناسنامەی ئەنجامدەرانی هێرشەكە ئاشكرا بكرێت.
لە لایەكی دیكەوە سەرچاوەیەكی پزیشكی لە فەرمانگەی تەندروستی كەربەلا بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رایگەیاند كە لە ناوچەی بەلەدییات ناوەڕاستی شارەكە، پێكدادان لە نێوان هێزە ئەمنییەكان و خۆپیشاندەران روویداوە.
بەگوتەی سەرچاوەكە لە میانی پێكدادانەكەدا، هێزە ئەمنییەكان گازی فرمێسكڕێژیان بەرامبەر بە خۆپیشاندەران بەكارهێناوە كە بەهۆیەوە، 40 خۆپیشاندەر برینداربوون.
هاوكات پۆلیسی كەربەلا راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەكردووە كە لە میانی ئەو پێكدادانانەی كە لە ناوەڕاستی شارەكە لە نێوان هێزە ئەمنییەكان و خۆپیشاندەراندان روویداوە، 22 پۆلیس برینداربوون.
لە راگەیەندراوەكەدا ئەوە خراوەتەڕوو كە لە میانی خۆپیشاندانەكانی كەربەلادا، ژمارەیەك كەسی تێكدەر بەشێكی بانكی بەغدا كە بانكێكی کەرتی تایبەتە سووتاندووە بۆ ئەوەی كەلوپەلی نێو بانكەكە بدزن، بەڵام لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە رێگرییان لێكراوە.
لە لایەكی دیكەوە ئەفسەر لە پۆلیسی زیقار، ملازمی یەك تەحسین مەنسوری لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند، دەیان خۆپیشاندەر ئاگریان لە ماڵی ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران، هیلال سەهلانی لە ناوچەی شەیبانی ناوەڕاستی شاری ناسرییە بەرداوە.
هەر لەوبارەوە فەرماندەی پۆلیسی زیقار راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەداوە كە لە بەردەم كۆمپانیای پیترۆناس-ی مالیزی لە كێڵگە نەوتی غەراف باكووری پارێزگاكە پێكدادان لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكاندا روویداوە و بەهۆیەوە 28 پۆلیس برینداربوون.
ئەم پێشهاتەش لە كاتێكدایە كە پێشتر كۆمیسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عێراق بڵاویكردبوویەوە لە نێوان رۆژانی پێنجشەممە و یەكشەممەی رابردوو بەهۆی پێكدادانی هێزە ئەمنییەكان و خۆپیشاندەران لە نزیك پردەكانی نەسر و زەیتون ناوەڕاستی شاری ناسرییە، حەوت خۆپیشاندەر كوژراون و 131ی دیكەش برینداربوون.