Zana Natık Kerem
11 حوزەیران 2018•نوێکردنەوە: 12 حوزەیران 2018
بەغدا ــ AA
سەرۆکی دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق، خالید عەتییە رایگەیاند، سعوودیە رەزامەندی نیشانداوە کە پشکی حاجییانی عێراق بۆ ئەمساڵ زیاد بکات.
لە بەیاننامەیەکدا، خالید عەتییە رایگەیاندووە کە داواییەکیان ئاراستەی وەزارەتی حەجی سعوودیە کردبوو بۆ ئەوەی بەپێی سەرژمێری دانیشتوان، ژمارەی حاجیانی عێراق بۆ ئەمساڵ زیاد بکات.
سەرۆکی دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق باسی لەوەشکرد کە سعوودیە رەزامەندی لەسەر داواکە نیشاندا و ژمارەی حاجیانی عێراق لە ٣٣ ھەزارو ٦٩٠ حاجی بۆ ٣٨ ھەزار زیادکردووە.
خالید عەتییە ئاماژەی بەوەشداوە کە دەستەی حەج و عومرە ئەم زیادکردنە لە پارێزگاکاندا بە تیروپشک بەسەر ئەو کەسانەدا دابەش دەکات کە ناویان دەردەچێت.
لە ٢٥ی مانگی ئاداری رابردوودا، دەستەی حەج و عومرە رایگەیاندبوو، ژمارەی ئەو کەسانەی کە بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج بۆ ئەمساڵ دەچنە سعوودیە، ٣٣ ھەزار کەسە.