Sarmand Hameed
07 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 09 شوبات 2020
بەغدا - AA
لە ئاکامی رووبەڕووبوونەوەی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان لە ناوەڕاستی بەغدا پایتەختی عێراق، ١٠ کەس برینداربوون.
سەرچاوەیەکی پزیشکیی لە بەغدا بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، لە ئاکامی رووبەڕووبوونەوەی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان لە گۆڕەپانی وەسبە ناوەڕاستی بەغدا، ١٠ کەس برینداربوون.
سەرچاوەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، روونیشیکردەوە، دوو لە بریندارەکان بە بۆمبی فرمێکسڕێژ برینداربوون کە راستەوخۆ ئاڕاستەیان کراوە.
چەند شاهێدحاڵێک رایانگەیاند، رووبەڕووبوونەوە لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان لە گۆڕەپانی وەسبە ناوەڕاستی بەغدا روویدا، و هێزە ئەمنییەکان بۆ بڵاوەپێکردنی ئەو خۆپیشاندەرانەی کە به بەرد و مۆڵۆتۆف رووبەڕوویان دەبوونەوە، تەقەیان بە ئاسماندا کرد و بۆمبی گازی فرمێکسڕێژیان تەقاند.
ئەمڕۆ هەینی، لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی ناوەڕاست و باشووری عێراق خۆپیشاندانی ناڕەزایی دژی کاندیدکردنی محەمەد تۆفیق عەللاوی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڕێوەچوو، هەروەها ئیدانەی بەکارهێنانی توندوتیژیییان کرد لە لایەن هێزەکانی سەرایا سەلام سەربە سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر دژی خۆپیشاندەران.
لە ئاکامی رووبەڕووبوونەوەی نێوان خۆپیشاندەران و هێزەکانی سەرایا سەلام کە بە کڵاوشینەکان ناسراون، لە رۆژی چوارشەممەوە تا ئێستا ١١ خۆپیشاندەر لە شاری نەجەف کوژران و ١٢٢ی دیکە برینداربوون.