Sarmand Hameed
29 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 30 کانوونی یەکەم 2019
عێراق - AA
وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند، لە ئاکامی ئەو بۆردومانە ئاسمانییەی کە ئەمریکا بۆ سەر پێگەکانی حزبوڵڵای عێراق ئەنجامی دا، چوار چەکداری حزبوڵڵا کوژران و٣٠ی دیکە برینداربوون.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان سەر بە وەزارەتی بەرگریی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، پێگەکانی حزبوڵڵا لە پارێزگای ئەنبار لەلایەن فڕۆکەکانی ئەمریکاوە کراوەتە ئامانج و بەوهۆیەوە چوار چەکدار کوژراون کە یەکیان جێگری فەرماندەی لیوایە، هەروەها ٣٠ چەکداری دیکەی حزبوڵڵا برینداربوونە.
وەزارەتی بەرگریی عێراق ناسنامەی ئەو فەرماندە سەربازییەی ئاشکرا نەکردووە کە لە بۆردومانەکەی ئەمریکادا کوژراوە، بەڵام سەرچاوەیەک لە پۆلیسی ئەنبار کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، فەرماندە کوژراوەکە ناوی ئەبو عەلی خەزعەلییە.
پێشتر وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندبوو کە پینج پێگەی حزبوڵڵای لە عێراق و سووریا بۆردومان کردووە.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ئەو هێرشەی وەک وەڵامێک لەقەڵەمدابوو لەبەرامبەر ئەو هێرشەی کە دوێنێ کرایە سەر بنکەی سەربازی K1 نزیک شاری کەرکووک و بەهۆیەوە کارمەندێکی خانەنشینی ئەمریکی کوژرا و چوار سەربازی ئەمریکی و دوو سەربازی عێراقی برینداربوون.
سەرچاوەیەکی سەربازیی عێراق کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، سەرجەم هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی ئاسمانیی بەلەد لە پارێزگای سەڵاحەددین و بنکەی سەربازی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار و بنکەی سەربازی K1 لە پارێزگای کەرکووک و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا هەروەها بنکەی سەربازی لە پارێزگای نەینەوا خراونەتە ئەوپەڕی حاڵەتی ئامادەباشییەوە، ئەمەش وەک هەنگاوێکی خۆپاراستن لە ئەگەری هێرشی تۆڵەسەندنەوە لەدوای کردنە ئامانجی پێگەکانی حزبوڵڵا.
بەرپرسانی ئەمریکی ئێران بەوە تۆمەتبار دەکەن کە لە رێگەی بریکارەکانیانەوە لە گرووپە چەکدارییە شیعەکان هێرشی مووشەکی بۆسەر ئەو بنکە سەربازییانە ئەنجام دەدەن کە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق تیایاندا جێگیربوونە، لە بەرامبەردا تاران ئەو تۆمەتانە رەت دەکاتەوە.
ئەمریکا، لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش نزیکەی پێنج هەزاری سەربازی لە بنکە سەربازییەکان لە سەرتاسەری عێراق جێگیرکردووە.