Sarmand Hameed
29 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 30 کانوونی یەکەم 2019
واشنتۆن - AA
لە ئاکامی بۆردومانێکی ئاسمانیی بۆسەر بارەگاکانی حزبوڵڵای عێراقی لە پارێزگای ئەنبار باشووری عێراق، ژمارەیەک ئەندامی حزبوڵڵا کوژران.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند کە پێنج پێگەی سەر بە رێکخراوی حزبوڵڵای عێراقی نزیک لە ئێرانی لە ھەردوو وڵاتی سووریا و عێراق کردووەتە ئامانج.
جێگری وەزیری بەرگریی ئەمریکا، جۆناسان ھۆفممان لەبارەی ئەو ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەی ئەمریکا راگەیەندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە.
ھۆفمان ئاماژەی بەوەداوە کە ئەوان وەڵامی ئەو ھێرشەی حزبوڵڵای سەر بە ئێرانیان داوەتەوە کە کردوویانەتە سەر بە بنکەکانی سەر بە ھێزی ئەرکی ھاوبەشی ئۆپەراسیۆنی پێداگری سرووشت (CJTF-OIR).
لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە "ھێزەکانی ئەمریکا ھێرشێکی بەرگریی ھەستیاریان لە بەرامبەر پێنج پێگەی سەر بە رێکخراوی کەتایبی حزبوڵڵا لە سووریا عێراق ئەنجامداوە. لە نێو ئەم پێگانەی کەتایبی حزبوڵڵادا، کۆگای چەک و تەقەمەنی و ئەو ناوەندە بوونیان ھەبووە کە تێدا پیلانی ھێرشکردن دانراوە بۆ سەر ھێزەکانی ئەرکی ھاوبەشی ئۆپەراسیۆنی پێداگری سرووشت (CJTF-OIR).
هاوکات بەپێی ئاژانسی ئەسۆشێتدپرێسی ئەمریکی، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا(پێنتاگۆن) رایگەیاندووە کە ئەوان هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر میلشیاکانی حزبوڵڵا لە عێراق و سووریا و ئەوەیشی وەک وەڵامێک لەقەڵەمداوە لەبەرامبەر ئەو هێرشەی کە دوێنێ کرایە سەر بنکەی سەربازی K1 نزیک شاری کەرکووک و بەهۆیەوە کارمەندێکی خانەنشینی ئەمریکی کوژرا.
لە لای خۆیەوە ئەفسەرێک لە سوپای عێراق رایگەیاند، بۆردومانێکی ئاسمانیی دوو بارەگای حزبوڵڵای لە ناوچەی مەشاریع باشووری شاری قائیم(٣٦٠ کم رۆژئاوای رومادی ناوەندی پارێزگای ئەنبار)ی کردە ئامانج.
سەرچاوەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، لە ئاکامی بۆردومانەکەدا تەقینەوەی بەهێز روویدا و ژمارەیەک کوژراو برینداری لێکەوتەوە.
میلیشیاکانی حزبوڵڵای عێراق لە دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچەی مەشاریع باشووری شاری قائیم لەژێر دەستی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لەو ناوچەیە جێگیر بوونە.
ئەم بۆردومانەی ئەمریکا دوای ئەوە دێت کە دوێنێ حزبوڵڵای عێراقی زیاتر لە ٣٠ مووشەکی ئاراستەی بنکەی سەربازی K1 لە نزیک شاری کەرکووک کردبوو کە بەهۆیەوە کارمەندێکی ئەمریکا کوژرا و چوار سەربازی ئەمریکی و دوو سەربازی عێراقی برینداربوون.