Zana Natık Kerem
27 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 27 نیسان 2021
ھەولێر ــ AA
سەرۆکی کڵێسای کلدانیی لە عێراق و جیھان، پاتریارک مار لۆیس روفائێل ساکۆ رایگەیاند دیپلۆماتییەت، تاکە رێگایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ھاوکات وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف ئاماژەی بەوەدا کە عێراق رۆڵێکی گرنگ لە ناوچەکەدا دەگێرێت بۆ نزیککردنەوەی لایەنەکان.
نووسینگەی سەرۆکی کڵێسای کلدانیی لە عێراق و جیھان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ سێشەممە پاتریارک مار لۆیس روفائێل ساکۆ پێشوازی لە محەمەد جەواد زەریف کردووە.
بەپێی راگەیەنراوەکە لە دیدارەکەدا سەرۆکی کڵێسای کلدانیی لە عێراق و جیھان، پاتریارک مار لۆیس روفائێل ساکۆ رایگەیاندووە کە دیپلۆماتییەت، تاکە رێگایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، چونکە شەڕ تەنھا کوشتکار و وێرانکاریی لێدەکەوێتەوە و گوتی:
"ئومێد دەکەین پاپای کڵێسای کاسۆلیکی، پاپا فرەنسیس لە ماوەکانی داهاتوودا، سەردانی ئێران بکات".
لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە کە لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف لە دیدارەکەدا رایگەیاندووە کە عێراق رۆڵێکی گرنگ لە ناوچەکەدا دەگێرێت بۆ نزیککردنەوەی لایەنەکان.
محەمەد جەواد زەریف سەبارەت بە سەردانەکەی پاپا فرەنسیس کە لە میانی مانگی ئاداری رابردوودا بۆ عێراق ئەنجامدا گوتی: "سەردانەکە نەک ھەر بۆ عێراقییەکان بەڵکو بۆ ھەموو ناوچەکە سەردانێکی گرنگ بوو".
محەمەد جەواد زەریف گوتیشی:"پێکھاتەی مەسیحی، وەک بەشێکی گرنگی ناوچەکە، دەمێننەوە".
لە دوێنێ دووشەممەوە وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف بەسەردانێک لە بەغدایە و ئەمڕۆش سەردانی ھەولێر دەکات کە لە میانیدا زنجیریەک دیدارو کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان ئەنجام دەدات.