Haydar Karaalp
24 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 25 تشرینی یەکەم 2019
بەغدا - AA
بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین دژ بە حکوومەت بە هۆی کەمی خزمەتگوزاری و گەندەڵی و بێکاری-یەوە لە شاری بەغدا و شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق ئامادەکاری دەکرێت بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان لە سبەینێدا.
هەریەک لە سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر و سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، حەیدەر عەبادی پشتگیری خۆیان بۆ خۆپیشاندانەکان دووپاتکردۆتەوە و داوایان لە شوێنکەوتوانیان کردووە کە بەشداری بکەن لە خۆپیشاندانەکەی سبەینێدا.
پێشتر بە هۆی چلەی حەزرەتی حسێن کە بە ئەربەعینییە ناسراوە، خۆپیشاندانەکانی یەکی تشرینی یەکەم لە عێراق راوەستێنرابوو. هەرچەندە لەم ماوەیەدا حکوومەت چەند پاکێجێکی ریفۆرمی ئاشکرا کردبوو، بەڵام خۆپیشانداران هەنگاوەکانی حکوومەت بۆ چاکسازی بەجددی نابینن.
رێکخەری خۆپیشاندانەکانی بەغدا، عەلی شەلال لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند کە لەو بڕوایەدان کە خۆپیشاندانەکەی سبەینێ لەوانەی پێشتر دەنگدانەوەی زیاتری دەبێت.
شەلال دەڵێت ''ئەو هەنگاوانەی کە حکوومەت لەبارەی پاکێجی ریفۆرمەوە ئاشکرای کردوون دوورن لە راستییەوە. ئەمەش نیشانی دەدات کە حکوومەت چەندە بێدەسەڵاتە لە جێبەجێکردنی داواکانی خەڵکدا.
شەلال ئاماژە بەوە دەکات کە تا ئێستا ناسنامەی ئەو کەسانە ئاشکرا نەکراوە کە خۆپیشاندەرە سیڤیلەکانیانی تشرینی یەکەمی ئەمساڵیان کوشتووە و دەڵێت ''هەربۆیە متمانەمان بە حکوومەت نەماوە''.
شەلال رایگەیاند کە بە مەبەستی داواکردنی دەستلەکارکێشانەوەی حکوومەت و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پێشوەختە لەژێر چاودێری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییدا سبەینێ دەرژێنە سەر شەقامەکان.