Sarmand Hameed
30 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 11 کانوونی یەکەم 2019
عێراق - AA
لە ئاکامی رووبەڕووبوونەوەی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان لە شاری ناسڕییە ناوەندی پارێزگای زیقار باشووری عێراق، ١٥ خۆپیشاندەر کوژران و ٨٥ی دیکە برینداربوون.
ئەمڕۆ بۆ دووەم رۆژی لهسهریهك له ناسڕییه رووبەڕووبوونەوەی توند لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکاندا روویدا، دوای ئەوەی لە خۆپیشاندانەکانی دوێنێدا، ٣٢ خۆپیشاندەر کوژران و زیاتر لە ٢٠٠ی دیکە برینداربوون.
سەرچاوەیەکی پزیشکیی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، نەخۆشخانەکانی ناسڕییە کوژرانی ١٥ خۆپیشاندەر و برینداربوونی ٨٥ی دیکەیان تۆمارکردووە.
بەگوتەی سەرچاوەکە، کوژراوەکان بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکان کراونەتە ئامانج لەوکاتەی هەوڵیانداوە کە گەمارۆی بارەگا ئەمنییەکان بدەن یان لەو کەسانە بوون کە رێگە و پردەکانیان لە ناوەڕاستی ناسڕییە داخستووه.
ئێوارەی ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەهدی رایگەیاند، وەک وەڵامێک بۆ بانگەوازی مەرجەعی باڵای شیعەكان لە عێراق، عەلی سیستانی، نامەی دەستلەکارکێشانەوە پێشکەشی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات.
بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، ژمارەی ئەو کەسانەی لە خۆپیشاندانەکانی بەغدای پایتەخت و شارەکانی دیکەی عێراق کە لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی رابردووەوە تا ئێستا بەردەوامە، بوونەتە قوربانی گەیشتووتە ٤٠٦ کوژراو و زیاتر لە ١٥ هەزار بریندار لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان.