09 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 10 نیسان 2020
بەغدا - AA
سەرۆکوەزیرانی کاربەرێکەری عێراق، عادل عەبدولمەهدی رایگەیاند، وڵاتەکەی یاداشتێکی فەرمی لە ئەمریکاوە پێگەیشتووە کە پەیوەستە بە دووبارە بڵاوەپێکردنەوەی هێزەکانیان لە عێراق.
بەپێی راگەیەنراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی کاربەرێکەری عێراق، عادل عەبدولمەهدی لە میانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی عێراق رایگەیاندووە "یاداشتێکی فەرمیمان لە ئیدارەی ئەمریکاوە پێگەیشتووە کە پەیوەستە بە بڕیاری بنیاتنانی پەیوەندی ستراتیژی و دووبارە بڵاوەپێکردنەوەی هێزکانی ئەمریکا لە عێراق، و دەستکردن بە گفتوگۆ لەنێوان شاندی فەرمی هەردوو وڵات لەوبارەیەوە".
عادل عەبدولمەهدی رایگەیاند، یاداشتەکەی ئەمریکا بەرەپێشچوونێکی گرنگە لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و سەقامگیری ناوچەکە، بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەک لەبارەی ناوەڕۆکی یاداشتەکەی ئاشکرا بکات.
گوتیشی: "لەم ماوانەی دواییدا پەیوەندی لەنێوان گەورە بەرپرسانی هەردوو وڵاتدا هەبووە"، و ئاماژەی بەوەشکرد کە کشانەوەی فراوانی هێزە بیانییەکان بە رێوڕەسمی فەرمی و لەژێر سێبەری یاسا بەڕێوەچووە.
راشیگەیاند "بنەمای پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات پێویستە بەشێوەی ئاسایی بێت نەک دوژمنکارانە و لە بەرژەوەندی ئەمریکا و عێراقدایە وەک هاوبەش و دۆست بمێننەوە لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ناوچەکە و جیهاندا".
عادل عەبدولمەهدی ئاماژەی بەوەشکرد کە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تایبەت بووە بە تاوتوێکردنی دۆسیەی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا و داهاتووی هەماهەنگی ئابووری و ئاسایش لە نێوان هەردوو وڵاتدا.