Rewa Mahmood Hasan
28 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 29 تەمووز 2022
سلێمانی - AA
لە درێژەی كار و چالاكییەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان و بازرگانانی ئەو ماددانە لە دوو چالاكی جیادا، دەستبەسەر بڕی ١٤٩ كیلۆگرام ماددەی هۆشبەری لە جۆری كریستاڵدا گیرا.
ئاسایشی پارێزگای سلێمانی رایگەیاندووە: "هێزەكانی ئاسایشی سلێمانی لەسەر رێنمایی و راسپاردەی دەزگای ئاسایشی هەرێم لە چوارچێوەی هەڵمەتی دەستگیركردنی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەكان و رێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی هەر جۆرە ماددەیەكی هۆشبەر كە زیان بە ئابووری هەرێم دەگەیەنێت و كاریگەری خراپ لەسەر كۆمەڵگە دروست دەكات لە دوو چالاكیدا، دەستیان بەسەر بڕێكی زۆر ماددەی هۆشبەردا گرت".
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "لە چالاكی یەكەمدا دوای لێكۆڵینەوەی وورد و بەدواداچوون هێزەكانی ئاسایش بەفەرمانی دادوەر لە ٢٠٢٢/٦/١٤ دەستیان بەسەر بڕی ٩٢ كیلۆگرام ماددەی كریستاڵدا گرت و ئەو ماددانەش لە دەرەوەی هەرێمەوە هێندرابوون".
هەروەها هاتووە: "لە چالاكی دووەمدا هێزەكانی ئاسایش دوای لێكۆڵینەوەی وورد لەڕێگەی یەكێك لە بازگەكانەوە لە رۆژی ٢٠٢٢/٧/٢٥ دەستیان بەسەر بڕی ٥٧ كیلۆگرام ماددەی كریستاڵدا گرت كە لەناو قوتوی رۆنی ئۆتۆمۆبێلدا شاردرابوونەوە و تۆمەتبار كە ناوی (ح.ع.م) و لەدایكبووی ١٩٨٩ و كوردە، بەنیازبوو لە شاری سلێمانی-یەوە بیباتە شارەكانی تری هەرێمی كوردستان و بەفەرمانی دادوەر بەپێی ماددەی (٢٥) لە یاسای ماددە هۆشبەرەكان راگیراوە و دەست بەسەر كریستاڵەكەدا گیراوە".