Heman Husseın Yaseen
24 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 25 کانوونی یەکەم 2019
هەولێر - AA
بەڕێوەبەری گشتی کاروباری یاسایی لە دەستەی دەستپاکی ھەرێمی کوردستان، مشیر رەشید ئیبراھیم رایگەیاند کە لە ساڵی ٢٠١٩دا، ٧٥ دۆسیەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی رەوانەی دادگاکان کراوە.
مشیر رەشید ئیبراھیم لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە ساڵی ٢٠١٩دا، کەیسەکانی گەندەڵی لە دادگاکاندا ھی ساڵانی رابردوو، ٥٥ دۆسیە و ئەمساڵ ٧٥ دۆسیەبوون کە بە گشتی ١٣٠ دۆسیە بووە و لەو ژمارەیەش ٤١یان دەستگیرکراون و ٣٤یان ئازادکراون".
مشیر رەشید ئیبراھیم گوتیشی: "پڕۆژە یاسایەکمان پێشکەشکردووە کە تیاییدا داوامانکردووە دادگایەکی تایبەت بە گەندەڵی هەبێت و بەغداش گەیشتووەتە ئەم بڕوایە کە دادگایەکی تایبەت هەبێت چونکە لە کاتی هەبوونی دادگایەکی تایبەت، ئەوا ناچار نابین دۆسیەکان بنێرینە دادگاکانی دیکە و ماوەیەک چاوەڕێی ئەنجامەکە بکەین".
لەبارەی ناوەڕۆکی پڕۆژەکەش، مشیر رەشید ئیبراھیم گوتی: "ناوەڕۆکەکەی هەندێک خاڵە کە بریتیین لە دیاریکردنی کاری سەرەکی بۆ دادگا تایبەتمەندەکان چونکە هەندێک ماددەی یاسایی هەیە بە یاسا تەجریم نەکراوە، وەک بابەتی بەهەردەدانی موڵکی دەوڵەت و لەم پڕۆژەیەدا ئەو ماددەشمان داناوە و کۆمەڵێک بابەتی دیکە کە پەیوەندی بە بونیادنانانەوە هەیە".
مشیر رەشید گوتیشی: "ئەگەر دادگایەکی تایبەتمەندت هەبێت راستەوخۆ پڕۆسەکە بەڕێوەدەچێت و ئەوەندە چاوەڕێ ناکەین، دادگایەکەش هەموو دۆسیەک نابینێت، بۆ نموونە دۆسیەی لە پلەی بەڕێوەبەری گشتی بەسەرەوە دەبینێت و قەبارەی پارەکەش کە گەندەڵی تیایدا کراوە".