Heman Hussein Yaseen
30 کانوونی دووەم 2024•نوێکردنەوە: 31 کانوونی دووەم 2024
هەولێر - AA
بەرەبەیانی ئەمرۆ ئاگر لە پاڵاوگەیەکی نەوت لەسەر رێگەی ھەولێر - گوێڕ کەوتەوە و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە نزیکەی حەفت کاتژمێر خەریکی کوژاندنەوەی ئاگرەکە بوون.
ئاگرەکە لەمیانی تێکردنی گاز بۆ ناو مۆلیدەیەک دروست بووە و، کارگوزارەکان سەرەتا خۆیان ھەوڵی کوژانەوەیانداوە بەڵام دواتر ئاگرەکە تەشەنەی سەندووە و نیو کاتژمێر دواتر پەیوەندیان بە بەرگری شارستانییەوە کردووە و ئینجا تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و بەھۆی گەورەیی قەبارەی ڕووداوەکە، کاتێکی زۆریان پێویست بووە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە.
گوتەبێژی بەرگری شارستانی ھەولێر، موقەدەم کاروان میراودەلی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا گوتی: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ ڕووداوێکمان ھەبووە لە جۆری ئاگرکەوتنەوە لە یەکێک لە پاڵاوگەکانی سەر بە کۆمپانیای ئەمین، ڕووداوەکە بچووک نەبوو، بەداخەوە زیانێکی زۆری ماددی ھەبووە لەم ڕووداوەدا، بە مەزەندەی خاوەنی کۆمپانیاکە، زیاتر لە ٤٠٠ ھەزار دۆلار زیانی بەرکەوتووە و ئێمەش دواتر لە ڕاپۆڕتی خۆمان وردتر لێکۆڵینەوەی دەکەین".
کاروان میراودەلی گوتیشی: "لەم رووداوە سێ کەس برینداربوون یەکێک لەوانە کارمەندی ئێمە بووە و دوانەکەی دیکەش کارگوزار بوونە لە کۆمپانیاکە کە یەکێک لەوان بە ڕێژەی سەدا ٤٠ حاڵەتی سووتانی ھەبووە و ڕەوانەی نەخۆشخانەی ئیمێرجینسی کراوە، ھۆکاری ئاگر کەوتنەوەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کاتێک گاز لە مۆلیدە کراوە و لەم کاتەش شەڕاڕە دروست بووە وبووەتە ھۆی ئاگرکەوتنەوە".
گوتەبێژی بەرگری شارستانی ھەولێر، ئاماژەی بە جۆر و ماوەی گڕگرتنی ئاگرەکە کرد و گوتی: "ئاگرێکی لووتکەیی بەرز بوو، لە جۆری ئاگرە سووتەمەنییە گڕگرتووەکان بوو، لەگەڵ ئەوەشدا ئاگرەکە کێشەی ئەوە بوو کە نەدەکرا بە ئاوێکی سادە ھەوڵی کوژاندنەوەی بدرێت و بۆ ئەم مەبەستەش پێویست بوو ماددەی فووم بەکاربێت کە ماددەیەکی تایبەتە، لە کاتێکی کەمدا توانیمان ماددەکە بەرجەستە بکەین و دواجاریش ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەین، ڕووداوەکە ماوەی شەش کاتژمێر و نیوی خایاند، سەرەتای ڕووداوەکە خۆیان ھەوڵی کوژانەوەیان دابوو، دوای ئەوەی لە دەستیان دەرچووە و پەیوەندی بە ئێمەوەکراوە".
ھەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، خاوەنی کۆمپانیای ئەمین، مەردان سورچی گوتی: "ڕووداوەکە کاتێک بووە کە بەتاڵکردنی گاز بووە بۆ مۆلیدە و گازەکە بە ماتۆڕەکەدا ڕژاوە و ئەمەش بووەتە ھۆکاری ئاگرەکە، سەرەتا تیمەکانی خۆمان خەریکی کوژاندنەوەبووین و بەداخەوە تەشەنەی کرد و ئیتر پەیوەندیمان بە لایەنە پەیوەندارەکان کرد، کەمێکی خایاند تا ئێمە پەیوەندیمان بە لایەنە پەیوەندارەکان کرد".