Sarmand Hameed
30 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 30 تەمووز 2022
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، مستەفا كازمی رایگەیاند، "بەردەوامبوونی گرژییە سیاسییەکان گرژییەکانی شەقام زیاد دەکات و ئەمەش خزمەت بە بەرژەوەندی گشتیی ناکات".
مستەفا کازمی لەبارەی خۆپیشاندانەکانی بەغدا، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق لە راگەیەندراوەکەیدا داوا لە هێزە ئەمنییەكان دەكات ئاسایشی خۆپیشاندەران بپارێزن، هاوکات داوا لە خۆپیشاندەران دەکات ناڕەزایەتییەکانیان بە ئاشتییانە دەرببڕن و پابەندی رێنمایی هێزە ئەمنییەکان بن کە ئامانجیان پاراستنی خۆپیشاندەران و دامەزراوەکانی دەوڵەتە.
مستەفا کازمی راشیگەیاندووە کە "بەردەوامبوونی گرژییە سیاسییەکان دەبێتە هۆی زیادبوونی گرژییەکانی شەقام و ئەوەش لە بەرژەوەندی گشتییدا نییە".
فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق، مستەفا کازمی ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە ئەرکی هێزە ئەمنییەكان پاراستنی دامودەزگا فەرمییەكانە و جەختی لەوەش کردووەتەوە کە پێویستە هێزە ئەمنییەکان هەموو رێککارێکی یاسایی بۆ پارێزگارییکردن لەو دامەزراوانە بگرنەبەر.
دوای ئەوەی ئەمڕۆ شەممە لایەنگرانی سەرکردەی رەوتی سەدر لە دژی کاندیدکردنی محەمەد شیاع سوودانی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی بۆ جاری دووەم لە ماوەی هەفتەیەکدا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، هێزە ئەمنییەکان بۆ رێگریی لە خۆپیشاندەران، گازی فرمێسکڕێژ، بۆمبی دەنگی و ئاوی قەتیسکراویان بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران بەکارهێنا و هەوڵ دەدەن رێگرییان لێ بکەن لە پێشڕەویی زیاتر و نزیک نەبوونەوەیان لە دامەزراوەکانی دەوڵەت لە ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا کە باڵەخانەکانی حکوومەت، ئەنجوومەنی نوێنەران، دامەزراوەکانی دیکەی دەوڵەت و نێردەی دیپڵۆماتییەکان لەو ناوچەیەدان.
هەرچەندەر هێشتا هیچ زانیارییەک لەبارەی کەوتنەوەی قوربانی ئاشکرا نەکراوە، بەڵام بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە چەند خۆپیشاندەرێک بەهۆی کاریگەرییەکانی بۆمبی دەنگی و ئاوی قەتیسکراو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، برینداربوون.