10 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 10 حوزەیران 2020
بەغدا - AA
لە شەشەمین ساڵیادی کەوتنی شاری مووسڵ سەنتەری پارێزگای نەینەوا باکووری عێراق بەدەستی چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، مستەفا کازمی گەیشتە شارەکە.
بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە شەشەمین ساڵیادی کەوتنی شاری مووسڵ بەدەستی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، مستەفا کازمی گەیشتووەتە شارەکە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە لە میانی گەیشتنی بۆ مووسڵ، مستەفا کازمی لە بارەگای فەرماندەیی ئوپەراسیۆنەکانی نەینەوا لەگەڵ فەرماندە ئەمنی و سەربازییەکان کۆبووەتەوە.
دوێنێ سێشەممە پارێزگاری نەینەوا، نەجم جبوری رایگەیاندبوو کە بەبۆنەی سەردانەکەی مستەفا کازمی بۆ مووسڵ، ئەمڕۆ هاتوچۆکردن لە شارەکە قەدەغە دەکرێت.
رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە ھاوینی ٢٠١٤، زۆربەی ناوچەکانی باکوور و رۆژئاوای عێراق لە پارێزگاکانی نەینەوا، ئەنبار، سەڵاحەددین، دیالە و کەرکووک کۆنترۆڵ کرد کە بە نیوەی خاکی ئەو وڵاتە مەزندە دەکرێت.
دواتر ھێزە عێراقییەکان لە ٢٠١٧دا بە پاڵپشتی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش و دوای سێ ساڵ لە شەڕی سەخت، کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی ئەو ناوچانەیان راگەیاند کە چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش کۆنترۆڵیان کردبوو.